Home ئەرشیف2021 هەڵبژاردنەکان و دیمەنی ڕیز بەستنی چینایەتی!

هەڵبژاردنەکان و دیمەنی ڕیز بەستنی چینایەتی!

by Abdulla Mahmud

سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازی لە عێراقدا، بە عەرەب و کوردەوە، بە قەومی و ئیسلامیەوە، بەسونەو شیعەوە، بە حزبە دەسەڵات بەدەست و بەناو ئۆپۆزیسێۆنەکانەوە، بەوابەستەبوونیان بە ئەمریکاو غەرب یان ئیران و تورکیاوە، لە یەک ریزدا وەستاون. ناکۆکییە لاوەکیەکانیان وەلاناوە و هەموویان پێداگری لەسەر گرنگی هەڵبژاردنەکان، لەسەر گرنگی بەشداری هاوڵاتیان و پیرۆزی پرانسیپی هەڵبژاردنەکان دەکەن. ئەم پێداگری و بە پیرۆزراگرتنی هەڵبژاردنەکان ریشەی لە ماهیەتی چینایەتی ئەو هێزە بۆرژوزیانەدایە. رکەبەری لە کایەی هەڵبژاردنەکاندا و خستنەڕووی لیستی جیاجیای بانگەشەکان، و تا دەگاتە هاوپەیمانیەتیەکان، دەچنە ناو هەمان پرۆسەی بە پیرۆزراگرتنی هەڵبژاردنەکان و قودسیەت بەخشین بە دیموکراسی بۆرژوازی.

لایەنێکی سەرەکی ئەم یەکریزیەی بۆرژوازی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن، دەست بۆ پایەی چینایەتی کۆمەڵگە نابات، دەست بۆ ئاڵوگۆری سیستەمی سیاسی و ئابوری نابات، بەڵكو هەموویان پێ لەسەر پاراستنی ئەم نیزامە چینایەتییە دادەگرن و خودی هەڵبژاردنیش کەناڵ و رێگایەکە بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە چینایەتییە و بە پیرۆز راگرتنی. لایەنێکی تری یەکریزی بۆرژوازی و سوێند خواردنیان بۆ گرنگی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەیە لە رێگای درۆ و بانگەشەی دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەر بەشۆرش و بزوتنەوەی لە خوارەوەی جەماوەری بگرن.

ریزی وردو درشتی بۆرژوازی، دەڵێن سندوقی دەنگدان هەیە، هەر حزب و لایەنێک باش نەبوو، پابەندی بەڵین و بانگەشەکانیان نەبوو، لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە سزای بدەن، دەنگ بەو حزب و لایەنە بدەن کە دەتانەوێت… وە دەڵێن لەوە زیاتر ڕیگایەکی تر نییە، دەڵین دیموکراسی باشترین بژاردەیە و هەر ئەو ریگایەشە بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی و گەڕانەوە بۆ رای خەڵک.

بەڵێ هێز و بزوتنەوە بۆرژوازییەکان هەڵبژاردن بە روکنێکی سەرەکی دیموکراسی و رێگایەک بۆ بەشداری هاوڵاتیان لە سیستەمی سیاسیدا لەقەڵەم دەدەن و بەسەرچاوەی ئاڵوگۆریش وێنای دەکەن.

ئەم بانگەشانەی بۆرژوازی بەو هەموو… ئیمکاناتە مادی و هەمەڕەنگەی لە بەردەستیاندایە، لەپیش هەمووشیانەوە دەسەڵاتی سیاسی، کەچی تادێت بەکردەوە بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا کەمتر و کەمتر و هاوکاتیش لەچاوی رای گشتی کۆمەڵگەوە بێبایەختر و پوچتر دەبێت.

دیارە ئەوە ئەگەر لە ئاستی دنیادا و لە وڵاتانی دیموکراسی بۆرژوازی پایەداکوتراودا، کە پرۆسەی هەڵبژاردنیش بووە بە خویەکی باو و زاڵ، هەڵبژاردنەکان گرنگی خۆیان لەدەستدا بێت و جەماوەر بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن. لە عێراق و کوردستاندا کە ئاسەوارێک لە دەسەڵاتی حکومەتی بوونی نییەو لە جێگایدا دەسەڵاتی میلیشایی،  لەڕێگای دەست بەسەراگرتنی داهات و زۆری چەک و خۆبەستنەوە بە وڵات و قوتبێکی ناوچەییەوە خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا داسەپاندووە، کایەی هەڵبژاردنەکان هێندە پوچە، مناڵێکی تازە مەدرەسەیش هەستی پێدەکات و کەمیش نین ئەو کادر و بەرپرسە حزب وسیاسیانەی کە باش دەزانن هەڵبژاردنەکان ناتوانن هیچ بگۆڕن و هیچ حزبێکی خاوەن دەسەلات و چەک و لەڕیگای هەڵبژاردنەکانەوە کەنار ناخرێت و ناتوانرێت دوربخرێتەوە. 

دیارە بەهەمان شێوە کە بۆرژوازی لە ریزبەستنێکی چینایەتیدا سوێند بە هەڵبژاردن و گرنگی بەشداری هاوڵاتیان دەخۆن، ئاواش چینی کریکار و مەحرومانی کۆمەڵگە لە بێبەهابوون و پوچ بوونی هەڵبژاردنەکان بەئاگان و بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا و کەم بوونەوەی بەردەوامیشی نیشانەی هەمان ئەو هوشیاری چینایەتییەیە کە هەڵبژاردنەکان تەنها گاڵتەجارییەکی دوبارەن بۆ ئارایشدانەوەی بەش بەشینەی هیزە بۆرژوازییەکان، بەتایبەتیش لەنیوان ئەو لایەنانەدا کە خاوەنی هیزی چەکدارن و قۆرغی داهات و سامانیان کردووە.

نەچوونی خەڵکی عێراق و کوردستان و بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، مۆتەکەیەکە بەسەر سەری سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازییەوە… وە ریشەی بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا راستەوخۆ دریژکراوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە بە دژی دەسەڵاتی سیاسی و حزبە رەنگاو رەنگەکانیان و بەخشینەوەی درۆ و فریوکارییەکانیان، کارای نەماوە. چینی کریکار و مەحرومانی کۆمەڵگە کە لەبەرامبەر بۆرژوازیدا وەستاونەتەوە، بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیش بەوێنەی بەشیک و گۆشەیەک لە بزوتنەوەی نارەزایەتی، دەیانەوێت ئەو چەکە پوچە لەدەست هیزەکانی بۆرژوازی دەربهێنن کە دەیانەوێت لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە ئاوی پیرۆز بکەن بەسەر پرۆسەی بەناو دیموکراسی و هاوکاتیش وەکو پسوڵەی رەوایەتی وەرگرتنی دەسەڵاتیان، بەدەستیەوە بگرن.

چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە لە عێراقدا، وەکو بەشێکی دانەبراو لە پرۆسیسی سیاسی عێراق، خود بەخود و بەئەزمونێکی تاڵ، بەو راستیە گەیشتوون کە هەڵبژاردن ناتوانێت هیچ بگۆڕیت جگەلەوەی ژمارەیەکی تر بەوێنەی گۆشتی زیادەی لامل، دەبنە بار بەسەر کۆمەڵگەوە… لە عیراق و کوردستاندا هەڵبژاردن و پەرلەمان نەک پیرۆزییەکیان نییە، بەڵکو بەچاوی سوک و گاڵتە ئامیزەوە لێی دەڕوانرێت. چ هەڵبژاردن و چ پەرلەمان وەکو دوو گرفتی قورس بۆ سەر گرفتە کەڵەکەبووەکانی تر زیاد بوون و جەماوەر چۆن بیزارە لەچەک و سەرکوت، لە بیمافی و نەبوونی، لە بیکاری و هەژاری، لە گرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، ئاواش لە هەڵبژاردن و پەرلەمانی ئەولادی ناجسنی ئەو گاڵتەجاریانەی هەڵبژاردن توڕەو ناڕازین.

بانگەشەکانی هەڵبژادن و بەڵینە پوچەکان، هێندە ئەزموونکراون، بە ئەندازەی ئەزموونی پوچی دەسەلاتدارێتی.

بۆرژوازی کورد وەکو بەشێک لە بۆرژوازی عێراقی دەیانەوێت بە پاساوی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێم لەبەغدا، بە بیانوی بەرگری لە دەستکەوتەکانی “کورد” لە بەغدا، بە درۆی خۆ بەخاوەن زانینی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد، بەناوی گێرانەوەی کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکان بۆسەر هەرێم… خەڵکی کوردستان راپێچی بەردەم هەڵبژاردنەکان بکەن. دەیانەوێت بە هەڵخراندنی هەست و سۆزی نەتەوەییەوە خەڵکی کوردستان تەیار بۆ بەشدار لە هەڵبژاردنەکان بکەن… بۆ ئەو مەبەستەشیان دەیانەوێت هەموو کێشەو گرفتە قوڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسی لەبەغدا و شانی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی گرانی و نەبوونی و بیکاری و بێ موچەیی و موچە برین و وێران بوونی خزمەتگوزارییەکان و سەرکوت و بیمافی و هیرشی بەردەوامی ولاتەکان بۆسەر هەرێم، خاڵی بکەنەوە.

دەڵێن لەناو خۆماندا هەرچی هەبێت و هەر ناکۆکیەکمان هەبێت دەبێ وەلای بنێین و لە بەرامبەر بەغدا و هیزە دەرەکیەکاندا یەک دەست و یەک رێز بین. دەڵین پیویستە لەبەرامبەر بەغدا یەککرێز دەربکەوین تا پیگەی” کورد” بە‌هیز بیت.

ئامانج لەهەموو ئەو بانگەشانەش، بەجیا لە هەڵبژاردنەکانی عیراق، بۆ خاوکردنەوەی تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری کۆمەڵگەی کوردستانە لەدەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی هەرێم.

چینی کرێکار و بێبەشانی هەرێم… بە کردەوە بەو راستیە گەیشتوون کە ستەم و بێمافی و نەبوونی و هەژاری  و سەرکوتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، ریشەی لە سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی هەرێمدایە… بە کردەو بەو راستیە گەیشتون کەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد خۆی کۆسپی بەردەم چارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانە.

خەڵکی کوردستان بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پیشوویان لە بیرە کە دەیانوت کوردستانی بەهێز بنیات دەنێین، ئیستا دەبینن لەچاو نزیک بە چوار ساڵی رابردوو پێگەی هەریم چ لە ئاستی عیراق و چ لە ئاستی ناوچەکە لاوازترە… دەبینن ئیران و تورکیا چۆن هەموو رۆژە وەکو خاوەن ماڵ تەراتین لە هەرێمدا دەکەن وبرا کوردەکانیان!! لە هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تیرۆر و بۆمباباران دەکەن و دەسەڵاتی سیاسی هەریمیش نەک بێدەنگە، بەڵکو هاوکاریانە. بەدەیان و سەدان کەس لە زیندانەکانی دەسەڵاتدا بۆ داوای موچەو خزمەتگوزاری بی داداگایی یان بە یاسای بەعسیانە، بەگوژمەی چەند ساڵە حوکم دراون. چوارساڵ لەوە پیش بانگەشەی هەلی کار و خزمەت و ئارامیان دەبەخشیەوە، ئێستا خەڵکی کوردستان دەبینن بەهۆی بیکاری و نەبوونی هەلی کارەوە چۆن شەپۆلی جێ هیشتنی لاوان بۆ ئەوروپا مەوج دەدات. باسی خزمەتیان دەکرد، کەچی خەلکی کوردستان دەبین نەک خزمەت نییە، بەڵکو خزمەتگوازرییەکانی وەکو ئاو کارەبا، تەندروستی و ….. بەرەو لەبەین چوون و لەوەش زیاتر بە نەخشەوە بەرەو بە تایبەتیکردن دەبرێن و قورساییان لەسەر جەماوەری بێبەشی کوردستان چەند بەرابەر دەکات. باسی ئارامیان دەکرد… کەچی رۆژ نییە ئەولادی بەرپرسێکی مافیایی سوکایەتی بە هیزەکانی پۆلیس و هاتوچۆ وبازگەکان نەکات و کۆماندۆی بەزیوی بەردەم داعش بەرنەداتە گیانی ئەوانەی ماشینە گرانبەهاکانیان رادەگرن، باسی ئارامی دەکەن و ناوەندی شارەکانیان لەسەر کورسی سەرۆکی حزب کردەوە بە سەربازگە و نمایشی هێزی ئاڵتونی!! و دژە تیرۆر و زانیاری. باسی چاکسازی دەکەن و موچەی کریکار و کارمەندان و کەم ئەندامان بە ریزیکیان ناگات بەموچە و ئیمتیازی ئەندام پەرلەمان و وەزیرێکی نۆکەر پیشەی حزب و خانە نشینێکی پەرلەمان و وەزیر و گزیرێک… باسی ئایندەی سیاسی و کوردستان و پرسی نەتەوەیی دەکەن و سویند بەسەر یەکپارچەیی عێراق و سەروەریەکەی لە پێناو موچە و پۆستەکانی بەغدایاندا، لەهی بەعسیەکان و ئیسلامییە سنور نەناسەکان گەورەترە.

چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان، دەمێکە لەبەرامبەر بەو دەسەڵاتەی بۆرژوازی کورد، بریاری خۆیان داوە، کە راماڵینی دەسەڵاتە. هیچ هەڵبژاردن و بانگەشەیەک، ناتوانێت پاشەکشە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بکات لە پیناو نان و ئازادی وئایندەیەکی سیاسی دیار و گەشاوەدا.

دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەهیچ ئاست و بوارێکدا چاکسازی هەڵناگرێت و ڕێگا تەنها راماڵینە لە رێگای شۆرشی لەخوارەوەی جەماوەری بێبەشەوە… مایەپوچکردنی هەڵبژاردنەکان و بەشداری نەکردن لەو گاڵتەجاریەی هەڵبژاردندا، بەوینەی دریژەپیدەری نارەزایەتی جەماوەری، هەنگاوێکە لەراستای راماڵینی یەکجاری دەسەڵاتدا… جەماوەری بێبەشی کوردستان بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا پێویستە نیشانی بزوتنەوەی نارەزایەتی و جەماوەری هاوچارەنووسەکانی خۆیانی لە خوارو ناوەراستی عیراق بدەن، کە هاوشانی ئەوان بەشێکن لە راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی هەریم وەکو بەشیکی دانەبراو بەرژەوەندی خواز لەگەڵ بۆرژوازی سەراسەری عیراقدا…

ناوەڕاستی سێبتەمبەری ٢٠٢١

 

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video