جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی کە تادێت لەکۆتایی مەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە، لەلایەکەوە یەکێک لەسەرە گەورەکانی تیرۆر و جەلادی ئازادیخوازی دەکاتە سەرۆکی وڵات و لەلایەکی تریشەوە لەچوارچیوەی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی کریکاری و جەماوەری بەشێوەیەکی دڵ رەقانە رەفتار دەکات. لەوەش زیاتر لەراستای ترس و تۆقاندنی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، هەم دەست بۆ تیرۆری کادر و هەڵسوڕاوانی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان… دەبات و هەم گوشار دەخاتە سەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم تا هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێی کوردستانی عێراق ناچار بە رۆشتن بکات.
هەفتەی پیشوو کادرێکی رابەری حزبی دیموکراتی ئیران، لەکاتێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم!! لە مەراسیمی سویند خوارنی سەرۆکی جەلاددا، ئامادەبوو، لە پایتەختی دەسەڵاتی هەرێمی سەرۆکی حکومەتدا!! بەدەستی نۆکەرانی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی تیرۆر کرا.
هاوکات بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی!! ئیران عەلی سەمخانی لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق داوای دەرکردنی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە و بەئاشکرا رای گەیاندووە” کە هەرێمی کوردستان کراوەتە مۆڵگەی گروپە تیرۆریستەکانی بەرهەڵستکاری ئیرانی”… وتوشیەتی ناچارمان مەکەن خۆمان دەست بەهیرشکردنە سەریان بکەین…
جمهوری کۆنەپەرست و جەلادی ئازادیخوازی و نەیارانی، تا ئیستا زیاتر لە ٤٠٠ کادر و ئەندام و هەڵسوراوی نەیاری خۆی لەهیزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا، لەژیر سایەی دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا تیرۆر کردووە، یان رفاندووە و دەیان جاریش لە رێگای فرۆکەوە هێرشی کردۆتە سەر بنکەو بارەگاکانیان، و بەردەوامیش لە ژێر ڕەحمەتی تۆپباران و کاتیۆشا باراند راگیراون. هاوکات ئەم ڕژێمە هارەی ئیسلامی سەرمایە دەیان بنکەو بارەگای لەژیر ناوی جیاجیادا کردۆتەوە و بەکردەوە عیراق و هەرێمی کوردستان بۆتە مەیدانی دەستێوەردانی ئاشکرای دەسەڵاتی ئاخوندەکان و باندە ئینسان کوژەکانیان، کەچی لەجێگای ئەوەی بڵێت ئیمە عیراق و هەریمی کوردستانمان کردۆتە مۆڵگەی کردەوە تیرۆریستەیەکانمان و هیزەکانی دەسەڵات بەدەستی عیراق و هەریمیش درێغیان لە هاوکاری کردنمان نەکردووە، دەڵین هەرێم بۆتە مۆڵگەی گروپە تیرۆریستیەکان.
لەوەش زیاتر داوای دەرکردنی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات… ئەو هیزانەی بەکردەوەو لە زمانی خۆیانەوە مل کەچی بریاری دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیین و وەکو خۆیان دەڵێن، هەلومەرجی سیاسی کوردستان درک دەکەن و چالاکی سەربازیان راگرتووە.
دەستێوەردان و هیرش و ملهوری جمهوری ئیسلامی ئیران لە تەواوی ناوچەکەو بەدیاریکراوی لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، بۆتە بەڵایەکی گەورەو بەسەر کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانەوە… هیرش و هەرەشەکانی جمهوری ئیسلامی ترسە لە ئایندەی دەسەڵاتی رەشیان، کە بەکردەوە کەوتۆتە بەردەم خەباتی چینی کریکار و جەماوەری زوڵم لێکراوەوە.
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی نیشتەجێ لە ئۆدوگاکانی هەرێمدا، بی ترسن و ترسی سەرەکی لەسەر دەسەڵاتی ئیران، جوڵانەوەی کریکاری و خەباتی شارییە لەناو جەرگەی ئیراندا. ئاخوندەکانی ئیران دەیانەوێت بە هیرش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، باڵادەستی خۆیان بەسەر عیراق و کوردستاندا دریژە پێبدەن و جوڵانەوەی روولەپیشی بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری ئاوێزانی رۆڵی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ئۆردوگا نشینە بکەن کەبەشی زۆیان چاویان لە بەشداری دەسەڵاتی ئاخوندەکانە…
لەهەموو حاڵەتیکدا هیرش و پەلامار بۆ سەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی کردەوەیەکی تەواو تیرۆریستیە و هاوکاری دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیش چ بۆ هیرش بۆسەر هیزە بەرهەڵستکارەکانی ئیران و چ بۆ ناچارکردنیان کە کوردستان بەجێ بهێڵن، هاوکاریکردنی کردەوەی تیرۆریستی جمهوری ئیسلامییە.
ئەوەی دەبێ لە کوردستان بارگەو بنەی بپێچێتەوە و وەدەربنرێت، بنکەو بارەگا جاسوسیەکانی دەوڵەتی ئیران و باندە رەنگاو رەنگە تیرۆریستیەکانیانن، نەک هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان.