٢١ ساڵ بەر لەئێستا، دەستی تا ئەنیشک خوێناوی هیزە چەکدارەکانی یەکێتی بەبریاری قارەمانانەی ئینسان کوژی سەرکردایەتییە نۆکەر پیشەکەیان، دەستەیەک لە ئینسانی خەباتکاری کۆمۆنیستیان بەرۆژی روناک و لەناو جەرگەی شاردا، خەڵتانی خوێن کرد و شێر!! ئاساش، دیلی ناو ئەو بۆسە ترسنۆکانەیان گوللە باران کرد. یەکێک لە بریندارەکانیان لە خەستەخانە بە پۆستاڵی بزوتنەوەی کوردایەتی گیان کیشا… دواتریش وەکو پیشەی بەعسیەکان، ڕیگەی پرسە بۆدانانیان لە کەس و کاریان یاساغ کرد و هەر خۆشیان بە بریاری “باوکی هەژاران” و ئاڵاهەڵگرانی سۆشیال دیموکراسی!! بەکۆمەڵ ژێرخاک خران و ئەزموونی ژێرخاک خستنی بەکۆمەڵی دەستی بەعسیان، گواستەوە ناو گۆڕستانی شار.
ئەم هێرشە دڕندانە لە پێشدا نەخشە بۆ کێشراوە، بۆ سەر کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی، بەمەبەستی کوشتنی هیواکان بوو، بەمەبەستی ئەوە بوو نوێنەرانی کریکاران و بێبەشان، ئاڵاهەڵگرانی ئازادی و مافە ئینسانیەکانی ئینسان، هاواری یەکسانی ژن و پیاو، دەنگی رەسای دژە کۆنەپەرستی و نۆکەر پیشەیی، بۆ هەمیشە سەربڕن، وە بەکورتی بۆ کوشتنی هیواکان بوو.
بەڵام هیوا نامردێنرێ و ناتوانرێت قەسابی بکرێ. کرێکاران کە کۆمەڵگە بەهەوڵ و ماندوبوونی ئەوان دەچەرخێ تا کۆمەڵگەی چینایەتی بمێنێ، پێشرەوان و نوێنەرانی خواستەکانیان، کۆتاییان بۆ نییە. هاوارەکان بۆ ئازادی و دەنگە ئازادیخوازەکان خامۆش نەکران، و خامۆش ناکرێن، چونکە ئازادی بەرزترین ویستی ئینسانە، ئینسان دۆستی کە ریشەی لەزاتی ئینساندایەو تایبەتمەندیەتی، و لە ئینسان جیاناکرێتەوە. هاوار بۆ ئازادی تا ئازادی باڵادەستی رەها نەبێت، کپ ناکرێت… دەنگی رەسای یەکسانی ژن و پیاو، تا نابەرابەی و ستەم کێشی و بێمافی هەبێت، هەدا نادات..
٢١ یەک ساڵ پێش ئێستا و کاتێک ئەم دەستەیە وەکو رەمزی ئازادی و بەرابەری و حکومەتی کریکاریی، وەکو هاواری دەنگی رەسای ڕزگاری چینی کریکار و بێبەشان، وەکو هاواری هەقخوازنە بۆ ئازادی و مافە جیهانداگرەکانی ئینسان، وەکو سەدای یەکسانی ژن و پیاو و نەفرەت لە کۆنەپەرستی و عادەت پیشەیی، قەسابی کران… ئۆردوی بێبەشان داوکاریان هەبوو، کار، نان و ئاو و کارەبا و خزمەتگوارییان دەخواست، دژی دزی وتاڵانی و گەندەڵی بوون، خوازیاری چونە دەرەوەی بنکەو بارەگای چەکدار لەشار و شارۆچکەکان بوون و نەفرەتیان لە کرێگرتەیی بوو، ئێستا داخوازی و ویستی ئۆردوی بێبەشان، بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتە… سەرکوت و فریوکاری، کوشتار، هاوارەکانی بەرزتر کرد، بانگی ئازادی ڕەساتر و خواستی بەرابەری بەرینتر و هیوا بە ئایندە و دنیایەکی باشتر، فراوانتر…