هەمووی چەند رۆژێک بەسەر کۆنفراسی یەکریزی و دەستوردا تێنەپەڕیووە، کە تیایدا سەرانی یەکەمی حزبەکان و لە پێشیانەوە یەکێتی و پارتی، بە حەماسەتەوە پێداگریان لەسەر گرنگی یەکریزی دەکرد و بەڵینیان دەدا کە هەوڵ دەدەن ریزەکانیان یەکخەن و رووبەرووی هەرەشەکان ببنەوە. بەڵینیان دەدا کە” ناو ماڵی کورد” رێکدەخەنەوە… دیارە مەبەست لە ناوماڵی کورد، هاوئاهەنگکردنەوەی ریزەکانی بۆرژوازی کوردە. هەر لەم کۆنفرانسەدا سەرجەم حزبەکان گوێ بیستی ئاگادارکردنەوەکەی نوینەری ریکخراوە یەکگرتوەکان لە عێراق بوون کە وتی دۆخی هەرێم بەم شێوە تاسەر نامێنێتەوە… چەند سالێکە پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتیان تادێت بەرەو لاوازی و دەروات و بریاری سیاسیان لەدەستدا کورت دەکرێتەوە، دەسەڵاتەکانیان سنوردار دەکرێت، تادێت پابەندتر دەکرێن بە ویستی بەغدا و دەسەڵاتی ناوەندیەوە. ئەمنیەتی سنورەکان، داهاتی ناوخۆی کوردستان، چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت، کۆنترۆڵی خاڵە سنورەکان، فرۆکەخانەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان… لەژێر هەیمەنەی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەردەکیشرێن و دەستیان لە کۆنترۆڵکردنیان شل دەکرێت. هەموو ئەمانە مەبنای ئاگاداکردنەوەکەی نوینەری ریکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو. کەچی ستراکتۆری دەسەڵاتی هەرێم و فەلسەفەی مانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، چونکە لەسەر پایەی دزی و تاڵانیەکی ئاشکرای حزبی و بنەماڵەیی و پشت بەستو بەسەرکوت و فریوکاری بیناکراوە، ناتوانن ئەو بازنەیە تێپەڕینن و دەروازەی نەجات لەو بنبەستەی یەخەگیریان بووە بدۆزنەوە. ئەو کاتەی باسی یەکریزی دەکەن، کەناڵەکانی لێکترازان لەپێناو مانەوەی دەسەڵات و راگرتنی باڵانسی هێزیاندا، کەنالیزەتر دەکەن. ئەوکاتەی باسی یەکخستنی ئیدارەکان دەکەن، بەکردەوە هەنگاو بۆ بەرینوونەوەی جیاوازی زۆنەکان دەنێن. ئەو کاتەی باسی یەکخستنی هیزی پیشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دەزگا دژە تیرۆرەکان دەکەن، نەخشەی بەهێزکردنی روحی حزبیاب تیادا بەهێزتر دەکەن، کاتێک باسی چاکسازی دەکەن، درۆیەک دەمەزەرد دەکەنەوە بۆ بەردەوامی دان بە تاڵانی و دزی ئاشکراتر. هەر کاتیکیش باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغدا دەکەن و هەر لایەیان چاویان لەوەیە بەخستنی ئەوی تر، پێگەی خۆی لەناوەند بهێڵیتەوە و لە گەندەڵستانی دەسەڵاتی بەغدادا، پشکیان هەبێت…
هەر ئێستا کە چەند رۆژ بەسەر پەیامی حزبەکان و سەرانیان تێنەپەریووە، پارتی و یەکێتی بە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی ناوخۆیی زۆنەکانیان، موچە موچەخۆران و قوتی هاوڵاتیانیان خستۆتە بەردەم مەترسییەوە… یەکێتی بەشێکی زۆری داهاتەکان ناگێرێتەوە بۆ داهاتی گشتی بە پاساوی ئەوەی پارتیش داهاتی نەوتی برایم و خەلیل و دەروازەکانی بەتەواوەتی ناگێرێتەوە.
لە کاتێکدا نارەزایەتی جەماوەری بەدژی لێبرینی موچە بەردەوامەو جەماوەری بێبەش و موچەخۆر و فەرمانبەرانی کوردستان لەخەباتیاندا بەدوای کۆتاییهێنان بە لێبرینی موچەوە بوون، ئیستا بەهۆی شەقاوچیتی دەسەڵاتی حزبیەوە لەو هەموو داهاتە زۆرەی بەردەستیان ئەگەر پێشوتر بەشێکی ناچیزیان دەگەڕاندەوە، ئێستا دەستیان بەسەر ئەو داهاتەشدا گرتووە و بەوهۆیشەوە دابەشکردنی موچە دوادەخەن…
ئەم دزی و ملهورییە حزبییە بە داهاتی خەڵکی کوردستانەوە، هێندەی تر پێداویستی راماڵینی ئەم دەسەڵاتە دەکاتە زەروەرەتێکی لەدواخستن نەهاتوو… جەماوەری بێبەشی کوردستان تەنها بژاردە لەبەردەمیان بۆ دەستراگەیشتن بەلانی کەمی ژیانێکی شکۆمەندانەو سەرەتاییرتین ئازادی و مافەکانیان، یەکگرتووبوون و ریکخراوبوون و دەستبردنە بۆ راپەرین و شۆرش بۆ کۆتاییهینان و بەو دەسەڵاتە مەرگەساتە جاڵجاڵۆیەکەی، کە نان و ژیان و ئازادی… بە سەرکوت و فریوکاری قۆرغ کردووە.