Home وتار و بیروڕا2020 ئەڵتەرناتیف، دەسەڵاتی جەماوەرییە!

ئەڵتەرناتیف، دەسەڵاتی جەماوەرییە!

by Abdulla Mahmud

لەسەرەتای ئەم مانگەوە و شەپۆلێکی تری خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری  بێبەش لە شاری سلێمانیەوە دەستی پێکرد، و زوربەی هەرەزۆری شاروشارۆچکەکانی زۆنی سەوزی گرتۆتەوەو زۆنی زەردیش لە کوڵاندایە.

ریشەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزیەتییە جەماوەرییە لە قڵشتی قوڵی چینایەتی واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستاندایە و دەتوانین بڵێین برگەیەکی تر لە نارەزایەتی فراوانی جەماوەرییە لە دەورەی دوای شکستی داعش و هاوکاتیش درێژکراوەی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی پێشوترە، بەدیاریکراوی درێژکراوەی ١٧ شوباتی ٢٠١١  و خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی هەولێر و بادینانە.

نابەرابەری بێسنور، بێ موچەیی و بێکاری، گرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و داڕمانی کەرتی تەندروستی و پەروەردە ڕاگرتنی فەرمانبەران و موچەخۆران بەدیار ناردن و نەناردنی پارەی بەغدا و لەچاوەڕوان راگرتنیان. کردنیان بە یاری نێوان ململانێی هەولێر و بەغدا و دیار نەبوونی هیچ ئایندیەکیش بۆ زامن بوونی موچە و چارەسەری ئەو کیشانە، لەپاڵ دزی و تاڵانیەکی ئاشکرای مافیاکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵات، ئەو هۆکارانەن کە وای کرد جارێکی تر موچەخۆران و جەماوەری بێبەشی کوردستان، بە ناچاری و بۆ بەرگری لەو ژیانە مەمرەو مەژیەی هەیانە، بێنەوە سەر شەقام و یەخەی دەسەڵات بگرن.

تەقەلای جەماوەری ناڕازی، تەقەلایەکی بەرگریکارانەیە لەبەرامبەر بەهێرشی سیستماتیکی دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەر سفرە و قوتی خۆیان و خێزانەکانیان. بی دەربەستی و بێ وەڵامی دەسەڵات و هاوکات دەستبردنی دەسەڵات و  بۆ توندوتیژی و تۆمەت بەخشینەوە و تاوانبارکردنیان بە خزمەت بەلایەن و دەستی دەرەکی!!، لەبەرامبەر داخوازی  موچە و هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان، هۆکارن بۆ کاردانەوەی خەڵکی ناڕازی کە لەلایەکەوە ئاستی داخوازییەکان ببەنەسەرەوەو لەلایەکی تریشەوە هیرش بکەنە سەر بارەگا و مقەری حزبەکان. دیارە بەو هۆیەوە کە دەسەڵاتی سیاسی تا ئێستا گوێی لە خواستی هاوڵاتیان نەگرتووەو درۆی چاکسازیشی دەرکەوتووە، جەماوەری بێبەشی کوردستان، بڕوایان بە دەسەڵات و بەڵێنەکانی نەماوە، خواستی موچە و خزمەتگوزارییەکان جێگای خۆی داوە بە خواستی راماڵینی دەسەڵات و لەو ئاقارەشدا، راماڵینی بارەگاو سمبولەکانی ئەو دەسەڵاتە.

دیارە پەلاماری جەماوەری و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بارەگا حزبیەکان، نیشانەی چوونە پێشی هوشیاری جەماوەریی و پەی بردنە بەو راستیەی کەکۆمەڵگەی کوردستان پاوانی حزب و دەسەڵاتی حزبی و هیزە میلیشیایەکانیەتی کە لە رێگایەوە دەستییان بەسەر سامان و داهاتی کۆمەڵگەو قوتی هاوڵاتیاندا گرتووە.

بەرجەستە بوونی دەسەڵاتی سیاسی لە حزب و هێزی حزبیدا، لە جێگای بەرجەستەبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە حکومەتدا، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و هاوکات یەکێک لەبنەرەترین خاڵی جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ هەر وڵات و دەوڵەتێکی بە فەرمی ناسراوی نیو دەوڵەتی و خاوەن قەوارەی حقوقیدا. هەر ئەو تایبەتمەندیەشە وای کردوە، کە حکومەت بکاتە دیکۆرێکی نەشاز و  هیچ کارە و حزبیش بکاتە هەمەکارە.

هەر ئەو واقعیەتەشە، کە هەڵپێچان و روخاندنی حکومەت و پەرلەمان، هیچ لە دۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستان ناگۆرێت. حکومەت هەبێت یان نەبێت، حزبی خاوەن دەسەڵات هەمە کارەیە، بۆیە هەڵپچان و راماڵینی دەسەڵاتی سیاسی راستەوخۆ بە راماڵینی دەسەڵاتی حزبی دیت کە بارەگاکانی رەمزی قێزەونی ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدەن. بەڵام ئەمە ئەرکی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و حزب و هیزە سیاسیەکانی نەیاری دەسەڵات و بزوتنەوەی سەرنگوم کردن قورس و سەختر دەکات. لەهەر کۆمەڵگە و وڵاتیکدا ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی لە حکومەتدا بەرجەستە بێت، بەروخاندنی حکومەت دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا بەتەواوی دەکەوێت و حزبە سیاسییەکەش کەنار دەخرێت. لە هەلومەرجی سیاسی کوردستاندا چونکە دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی حزبدا بەرجەستەیە لە جێگای حکومەت، دەبێ دەسەڵاتی سیاسی حزبی رابماڵریت، ئەمەش بەمانای ئەوە دیت کە  لەهەر جێگایەک و لەهەر گەرەک و شارو شارۆچکەیەک کە دەسەڵات نابوت دەکرێت و بارەگاکان و هیزەکانی رادەماڵرێن یان ناچار بە پاشەکشە دەکرێن، ئەگەر راستەوخۆ هێزی سیاسی، یان جەماوەری تر جێگەی نەگرێتەوە و توانای بەرگریکردنی جەماوەری و چەکداری نەبێت، بە شوێنیک ناگات و حزبی دەسەڵات، بە بە پشت بەستن بە هیزی چەکدار و داهاتێک کە دەستی  بەسەردا گرتووە، دەگەڕیتەوە… پرسی راماڵینی دەسەڵاتی حزبی، دەبێت هاوکات بێت بەجیگرتنەوەی بەدەسەڵاتێکی تر کە پشتیوانی جەماوەری  و توانای بەرگری کردنی لەخۆی هەبێت. هەروەها ئەم ڕاماڵینە دەبێ پرۆسیسێکی بەردەوام بێت، تا بەتەواوەتی هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت بە سودی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، چونکە بە دەرکردنی حزبەکان لەچەند شارو شارۆچکەیەکیش دیسان دەگەڕینەوە شوێنی خاوەن پیگەی خۆیان و خۆیان سازدەدەنەوە، بۆیە پیویستە پرۆسیسی راماڵین بە نەخشە بێت و بەردەوام بێت و تا ناچار بە پاشەکشەی یەکجاری دەکرێن و دەست لەدەسەڵات بەردەدەن. دیارە ئەمە بۆ هەردوو دەسەڵات و بۆ هەردوو زۆنەکە واقعیەتە… بەڵام بێگومان راماڵینی دەسەڵات لەهەرکام لە زۆنەکاندا، کاریگەری یەکجار زۆری لەسەر زۆنەکەی تر چ لەسەر خەڵکی توڕەو چ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دەبێت. ئەگەر خەڵک هەموو دەسەڵاتی زۆنی سەوز ڕابماڵیت، هێشتا کار تەواو نابێت لەهەرێم، چونکە زۆنی زەردیش هەیە کە ئەویش دەبێ بەهێزی جەماوەری برسیەکان و ئازادیخوازەکان رابماڵرێت، بەجیا لەوانەش دەستێوەردانی عیراق، ئیران، تورکیا، نابێ نادیدە بگیریت، کە چ ناراستەوخۆ  یان راستەوخۆ لە پێناو بەرژەوەندیەکانیاندا، هەمیشە ئامادەیان هەیە…  

لەهەموو هاتنە مەیدانێکی جەماوەری خۆرسک و نائاراستەکراودا، واتە هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەک بۆ راماڵینی دەسەڵات، ئەگەر حزبی سیاسی بەهیزو بەنەخشە و بە ئامادەیی رابەری و کاراکتەرەکانی حزوری نەبێت، دیارەی سوتاندن، تاڵانی، رفاندن، چونە سەرماڵان، شیواوی، تەنانەت کوشتنی بێ دادگایی و لێپرسینەوە، خۆیان نیشان دەدەن و روو دەدەن، هاوکاتیش خەڵکی خۆپیشاندەر دەزانن کە دەبێ چ بڕوات، بەڵام هێشتا نازانن دەبێ چ جێگای بگرێتەوە و ئەو سیستەمەی دەبێ جێگەی بگرێتەوە چ سیستەمێک و بێت و هەڵگری وەڵام بەکام لە گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگە لەناو دەیان گرفتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بێت.

هەر ئەم دۆخەشە وا دەکات، هەموو حزب و لایەنێکی سیاسی بە ناوی” خەڵک” و “بەرەژەوەندیەکانی خەڵک” بێتە ناو خۆپیشاندانەکان و هەوڵی خۆ هەڵواسین بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بدات و سوای خواستەکانی بێت بۆ ئامانجی تر و مەبەستی تر. راستە خەڵک بە شێوەی گشتی داوای نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەکەن، بەڵام نازانن ئەمانە چۆن وەدی دێت و بەدیاریکراوی ئەلتەرناتفی سیاسیان نادیار و نارۆشنە، لێرەوە رۆڵی سیاسی حزبە سیاسیەکان دەست پێدەکات، کە چ بژاردەیەکی سیاسی و چ سیستەمێکی ئەلتەرناتیف لەجێگای سیستەمی ئێستادا، دەخەنە روو وە بەدەستەوە دەگرن و بانگەوازی جەماوەر دەکەن بۆ کۆبونەوە لە دەوری. لە دۆخی سیاسی ئیستای کوردستاندا، هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن، چەپ و راست، بەو حزبانەشەوە کە خەڵک بۆ ڕاماڵینیان هاتۆتە مەیدان، دەلێن لەگەڵ خەڵکین!! لەگەڵ داخوازی جەماوەرین!!، بەمەش هیچ جیاوازییەکی بنیادی لە رێگای خستنە رووی بژاردە سیاسییەکان و ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتی داهاتوو بەشێوەی دیاریکراو” مشەخەس” دیار نییە، کە جەماوەر بتوانێت، وەکو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتی هەڵیان بژێرێت و لەدەوری تەرحەکانیان کۆببێتەوە. ئەمڕۆ ریزی ورد و درشتی بۆرژوازی لەدەوری بانگەشەی چاکسازی!! حکومەتی تەکنۆکرات، هەڵبژاردنی بی تەزویر، پێکێهنانی حکومەتی کاتی، یان حکومەتی رزگاری نیشتیمانی… تەوەرەیان بەستووە و ئەڵتەرناتیفێکی جیاوازیان لە هی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی و گۆران زیاتر لا نییە و ناشتوانرێت لایان بێت، هەموو بزوتنەوە سیاسیی کۆمەڵایەتیە بۆرژوازییەکان، لەپێناو حكومەتێکی تر بە هەمان بنیادەکانی وەکو هەڵبژاردن، پێکهێنانەوەی حکومەت و پەرلەمان، بەشداری یان هەلوێست لە دۆخی ئیستا دەگرن، واتە رەوتە بۆرژوازییەکان کیشەیان لەگەڵ ئەدای حکومەت و پەرلەمانە، و رەخنەیان لە بنیادی سیستەمی سیاسی و چینایەتی ئەم ئەلگۆیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی نییە، لە کاتێکدا مەسەلەی سەرەکی بۆ جەماوەر و چینی کریکار و بیبەشانی کۆمەڵگە، و حزب و رەوتی چەپ و کۆمۆنیزم بەتەواوەتی جیایە و رەتکردنەوەی ئەلگۆ و بنیادی سیستەمی سیاسی و روبینای دەسەڵاتدارێتی ئیستای بۆرژوازییە.

ئەوەی کە لە ئێستادا یەکجار پێویستە و دواخستن هەڵناگرێت، خستنەڕووی رۆشنی ئەڵتەرناتیفی سۆشیالیستییە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پراکتیکیدا، چ بۆ جیگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژازی بەگشتی و چ بۆ ئەو شوێنانەی ئێستا لە بارەگاو دەسەڵاتی حزبی پاککراونەتەوە. هاوکات پیادەکردنی ئەلگۆ دەسەڵاتدارێتیەکی جیاوازی جەماوەرییە بۆ ئەو شوێنانەی هەر ئێستا هاوسەنگ هیز رێگا دەدات… هەر ئەمەش دەتوانێت رۆڵی چەپ و کۆمۆنیزم لە ململانێی ئێستادا بخاتە روو وە ببیتە زەمانەتێکیش بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لەدەوری بەدیلی سۆشیالیستی و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا. خستەرووی ئەلگۆی دەسەڵاتدارێتی پشت بەستوی جەماوەری لە رێگای هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەخۆی جەماوەری لە گەرەکێک، کارگەیەک، شارۆچکەو شارێک، و بەرزکردنەوەی ئاڵایەکی تر لەسەر بنکەی شورایی هەر شوینیکدا، شانسی بڵاوبوونەوە و بەرین بوونەوەی لەهەموو کوردستاندا بۆ دەرەخسێت… ئیرادە گێرانەوە بۆ چینی کریکار و بێبەشان تەنها لە لە پرۆسیسی بەشداری دەسەڵاتدارێتیدا بەرجەستە دەبێت و توانایەکانی خۆی دەبینێت. ئەڵتەرناتیفی هەموو حزب و لایەنە بۆرژوازییەکان، رۆشن و دیارە کە سیستەمی پەرلەمانی شکسخواردووە و ئەم دۆخەی ئیستا راستەوخۆ دەرهاویشەی ئەو سیستەم و نەریتەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازییە کە جەماوەر بۆ راماڵینی هاتوونەتە مەیدان. لەسەر پایەو وێرانە و شکستی ئەم دەسەڵات و ئەلگۆ بۆرژوازییە، زەمینەی دەسەڵاتدارێتیەکی ترو ئەلگو و نەریتیکی تری بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تر ئامادەیە… ئەگەر شانسێک بۆ سەرکەوتنی کۆمۆنیزم، هەبێت، لە گرەوی بەشداری چالاکانەی ئەو دایە لە هەلومەرجی هەڵسانی جەماوەری ئیستادا بەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی…  

ناوەڕاستی دیسەمبەری ٢٠٢٠

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video