سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی لە پەرلەمان!! شکستی دەسەڵاتیان خستەوە ڕوو
عەبدوڵا مەحمود
پێنجی ئەم مانگە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و تیمێکی پەیوەندیداریان، سەردانی پەرلەمانی!! کوردستانیان کرد.
پێشتر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران خەریکی کۆکرنەوەی واژۆ بوون بۆئەوەی سەرۆکی حکومەت بانگهێشتی پەرلەمان بکەن بۆ لێپرسینەوەو پرسیار کردن… ئامانجی ئەو تیمە لەپەرلەمانتاران بۆ هێنانی سەرۆکی حکومەت بۆ پەرلەمان، لەلایەکەوە بۆ خۆجوتکردنیان و خۆهەڵواسینیان بوو بە نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دژی نەبوونی و گرانی و بێ موچەیی و قاچاخچێتی و سەرکوتی سیاسی… و لەلایەکی تریشەوە بەمەبەستی هەیبەت بەخشین بوون بە پەرلەمان و رەوایەتیدان بەو موچە خەیاڵیەی کە خۆیان لە حکومەتێکی توپیو وەریدەگرن و لەسەری دەلەوەڕێن.
هێشتا ژمارەی واژی پێویست بۆ بانگێشتی سەرۆکی حکومەت… ئامادەنەکرابوو، کە سەرۆکی حکومەت رایگەیاند کە خۆی دەیەوێت سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکات و راپۆرتیك سەبارەت بە پرسی چاکسازی و گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و پرسی موچە… بخاتە ڕوو، ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەت لەلایەکەوە هەوڵ و تەقەلای ئەندام پەرلەمانەکانی کردە بلقی سەر ئاو بۆ لێپرسینەوە پرسیارکردن و ناچارکردنیان بۆ راخستنی فەرشی سور و لەلایەکی تریشەوە ویستی هەیبەت حکومەت نیشان بدات و شەفافیەت و هاوئاهەنگی حکومەت لەگەڵ پەرلەمان پێش چاو بخات.
سەرۆکی حکومەت و جێگر و تیمەکەی لە پەرلەماندا، لە ڕیگای وتار و راپۆرتی درێژ و هەمەلایەنەوە، فۆکسە تایبەتەکانیان لەسەر پرسە تایبەتیەکان، گواستەوە بۆ سەر بابەت و مەسەلە گشتی و رۆتینیەکان و دوبارەکردنەوەی حکایەتە کۆن و سواوەکان.
لەچوارچێوەی ئەم وتار و راپۆرتە گشتیانەدا کە سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی خستیانە ڕوو، نەک هەر شانی حکومەتیان لە دەیان و سەدان کێشەی گەورەو بچوکی کۆمەڵگە خاڵی کردەوە و پەرلەمانیان خستە بەردەم لێپرسینەوەو ناوزەد کردن بە مزایەدەی سیاسی و راپۆرتی هەڵە و هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی، هاوکات وا وێنای کاری حکومەتیان کرد، کە لە بەرپرسیاریەتی و بەخشین و خزمەتکردن بە هاوڵاتیاندا، نموونەی بی ڕکەبەری حکومەتدارین لەدنیادا.
لەوەدەچێت حکومەت و تیمەکەی بەپێی پەندە کۆریایەکە لایان وابێت، ئەگەر چەند جارێک درۆیەک دوبارەبکەنەوە، ئەو درۆیە دەبێت بەڕاستی.
بەشان و باڵی چاکسازیدا هەڵیاندا، چاکسازییەک!! کە هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی کردە نیشانە و سەران و وەزیر و گزیرو ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بلۆکی موچە خۆری بن دیوار و کۆمپانیاکان و کەرتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و … مەعاف کرد و دەستی ئاواڵاتر کردوون تا چۆنیان دەوێت داهات و سامانی کۆمەڵگە لوش بدەن. ئەم دزییە ئاشکرایەیان ناو ناوە چاکسازی و لەم رێگایەشدا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی بەرەو وێران بوون دەچێت… سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی لەو راستایەدا بەڵینی بەرەدەوامی دان دەدەن… ئەمەش یانی ئۆردوی کرێکاران و کارمەندان و موچەخواران و بێبەشان، زۆرتر بەرەوە ژیانی سەخت و قورستر دەبەن و لەبەرامبەریشدا دەستی تاڵانچیانی لە حزب و سەرمایەداران و کۆمپانیاکان ئاوەڵادەکەن، کە لەسەر حسابی ئۆردی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگە لە کەڵەکەکردنی سەرمایەدا بەردەوام بن… هەروەها سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی یەک تاکە بەڵگەو ئاماریان لەسەر چاکسازی نیشان نەدا و دەستکەوتێکیان لا نەبوو بیخەنەڕوو… بە پێچەوانەوە برێ قەرزەکانی سەر هەرێمیان لە ٢٧ ملیار دۆلارەوە کردۆتە ٢٨ ملیار دۆلار و دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و موچە و خزمەتگوازرییەکانیش وێرانتر بووە.
لەپەیوەند بە پرسی دابینکردنی موچەوە، سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی هیچ بەرنامەو نەخشە و پلانێکیان نەبوو، جگە لەوەی چاو لەدەستی بەغدان و دیسان چەند بارەیان کردەوە کە ئەگەر بەغدا پارە بنیرێت موچە هەیەو ئەگەریش بەغدا پارە نەنێرێت… موچە نادرێت. ئەمەش رۆڵی حکومەت و دەسەڵات تەنها دەکاتە، دابەش کاری پارەی بەغداو بێگومان لەو پارەیەش دزی دەکرێت. ئەم دانپیانانەی حکومەت و بەستنەوەی قوتی موچەخۆرانی هەرێم بە پارەی بەغداوە، پوچی حکومەتداری نیشان دەدات و ئەو راستیە چەند بارە دەکاتەوە کە ئەم جەنابانە و حزب و بزوتنەوەکەیان، هیچ باکیان بە چارەنووس و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و موچەخۆرانەوە نییە.
پرسی تەندروستی… لەهەلومەرجی ئێستادا، کە کۆرۆنا ڤایرۆس رۆژانە گیانی دەیان کەس دەکێشیت، کەرتی تەندروستی و حکومەت وەکو هەمیشە نابەرپرسانەو بێ باکانە دەڕوانە ئەم دۆخە مەترسیدارە و کەمترین بەرپرسیارییەتیان لە دابینکردنی پێداویستی خەستەخانەکان، نییەو زۆر خەم ساردانە مامەڵە لەگەڵ توشبوانی کۆرۆنا ڤایرۆس دەکەن و لە بەرامبەریشدا بەردەوامن لەوەی کە تەواوی کەرتی تەندروستی بە کەرتی تایبەتی بسپێرن و گیرفانی خاڵی هاوڵاتیان خاڵی تر بکەن و بیانخەنە ژیر قەرزی تاقەتپروکێنەوە یان بە بەهۆی نەبوونیەوە مەرگی نەخوازراو بکەنە دیاری چاوچنۆکیان و کەڵەکەی سەرمایە.
خوێندن و پەروەردە لە داڕمانێکی بەردەوامدایەو لەم دۆخە تازەیەشدا باسی هێنانی خوێندنی ئۆنلاین دەکەن، بی ئەوەی هیچ کام لە پێداویستییە سەرەکیەکانی خویندنی نوێ فەراهەم بکەن، هاوکات بەجیا لە خراپی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، فەرمانبەران و مامۆستایان نزیک بە دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و بەو هۆیەشەوە فەرمانبەرانی پەروەردەی سلێمانی دەرگای پەروەردەیان داخستووەو موڵەتی تا ١٥ ئۆکتۆبەریان داواتە حکومەت، دوای ئەو مۆڵەتە بەردەوامی دەدەن بە بایکۆتی خوێندن.
لە پەیوەند بە بەغداوە، ململانێکانی دەسەڵاتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر چەندین پرسی سیاسی و یاسایی و قانوونی و دەستور و یاسای نەوت و غازو گرفتی ناوچە کیشەلەسەرەکان و کەرکوک…تاد، داکشاوە بۆ دابینکردنی بەشێک لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەموو مانگێک چاوەڕوانی ڕەحمەت و لوتفی بەغدان بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران.
خزمەتگوازرییە گشتیی و کۆمەڵایەتیەکان، بەرەوە داروخانی تەواوەتی دەبرێن و هیشتا کارەبای بەردەوام ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ هاوڵاتیان، فەراهەم نین. رێگا و بانەکان، نەگونجاون و دەیان لە رێگایانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. زوربەی هەرەزۆری بەش و کەتە خزمەتگوزارییەکانیانیش لەبەردەم نەخشەی هەرزان فرۆشی بە کەرتی تایبەتی کۆمپانیا حزبیەکاندا راگیراون.
ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان، لەبەردەم هەرەشەی بەردەوامی دەسەڵاتدان و دەیان هاوڵاتی، چالاکوان، خۆپیشاندەر و رۆژنامونووس، لە زیندانەکان قایمکراون… هەردووک کەناڵی ئین ئارتی لە هەولیر و دهۆک تا ئیستا داخراون… وەزارەتی رۆشنبیری لوتفی بۆ بەها پیرۆزیەکان و مقەدەساتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بزواوە یاسایەکی بەعسیانەی بۆ سانسۆر خستنە سەر چاپکردنی کتێب، دەرکردووە.
لەدڵی ئەم پاشەکشەکردنەدا، لە بێ رۆڵی بەردەوامی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییدا، لەبەردەوامی خراپی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا، لە بەردەوامی دان بە بەرتەسککردنەوەی کەشی سیاسی و کاری رۆژنامەگەریدا، لە بێ موچەیی و وێران بوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا، کەچی سەرۆک و تیمەکەی لە پەرلەمانی کوردستاندا، باسی رۆڵی ئیجابی حکومەت و دەسەڵاتی شکستخواردوویان دەکەن. باس لە خزمەت بە هاولاتیان دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە ئەوەی کاری دەجولێ و کێشەی نییە، کۆمپانیاکانن، فرۆشی نەوتە، برەودانە بە قاچاخچیتی و دزینی داهات و سامانی کۆمەڵگەیە، دەوڵەمەندبوونی بەردەوامی زیاتری سەرمایەدارەکان و بنەماڵە دەستڕۆشتوەکانی حزبن.
سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی جارێکی تر لە پەرلەمانی کوردستان، شکست و بن بەستی واقعی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیان، لەهەموو رویەکی، ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی… بەرۆشنی خستەوە ڕوو.
ئەو پەیامەی سەرۆکی حکومەت و جێگر وتیمەکەی لە پەرلەمان خستیانە ڕوو، سەد بەرابەر پێداویستی هەلپێچان و تەفرو توناکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کردۆتە، کارێکی لەدواخستن نەهاتوو.
حکومەت و دەسەڵاتێک نەتوانێت بچوکترین چاکسازی بکات، و لە هیچ دز و قاچاخچیەکی بەرپرس بپرسێتەوە، نەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی لەکاتی خۆیدا بدات، نەتوانیت سەرەتایترین خزمەتگوزاریی فەراهەم بکات و ئەوەی هەشە هەرزان فرۆشی بکات. نەتوانێت پەیوەندیەکی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا رێک بخات، بچوکترین روداوی سیاسی پایەکانی بخاتە لەرزەوە. وە لەکاتێکدا نەوت دەفرۆشیت و داهاتە ناوخۆشی لەبەردەستە، قەرزەکانی ماوە ماوە بە ملیار زیاد بکات… حکومەت نییە، دەسەڵاتێکی مافیاییە و دەبێ هەرچی زووە رابماڵرێت.
ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠