نەوەی نوێ و خۆپیشاندان
عەبدوڵا مەحمود
جارێکی تر نەوەی نوێ بانگەوازی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ خۆپیشاندانی جەماوەری لە دژی دەسەڵات. پیشتر و چەند مانگێک لەوە پیش هەمان خواستی لە جەماوەر کرد. دیارە لە داهاتوشدا تا ئەوکاتەی دەمی دەگاتە شیرینی دەسەڵاتی تاڵانچی، بانگەوازی جەماوەر دەکات بۆ نارەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانی جەماوەری.
نەوەی نوێ، ڕەوت و باڵێکی بۆرژوازیی تازە پێگرتووی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردە، خوازیاری ریفۆرمی دەسەڵاتە تا کراوەترو باشتر مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا و سەرمایە بکات و ئازادی زۆرتر بە بازاڕی ئازاد و جموجۆڵی سەرمایە بدات. دەستی حزب لە بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و زەمینەی ئابوریدا کورت بکاتەوە. کراوەتر بێت لەبەرامبەر بە سەرمایەدا، بێ گوێدانەی پێگەی دەسەڵاتی حزبەکان و کۆمپانیاکانیان.
خاوەنی یەکەم و دوایی نەوەی نوێ، بازرگانێکی سەرمایەدارو هەڵتۆقیوی ناو کەشی گەندەڵستان و دزی سیستماتیکی دەسەڵاتە، کە دەیەوێت لە کۆمپانیاو بازرگانێکی ناسراوەوە ببێتە سیاسی و رێکخراوەیەکی ناودار و بەڕەسمی ناسراو.
لەهەنگاوی یەکەمدا و شەپۆلی یەکەمی هێرشی بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی کورد، لەڕیگای میدیایەکی زەبەلاحی پێگرتوو لە دڵی دزی و گەندەڵیدا، بۆ ئەوەیە حزب و هێزە سیاسیەکانی دەسەڵات خۆی وەکو کەسایەتیەکی سیاسی و ڕەوتی نەوەی نویش وەکو ڕێکخراوەیەکی سیاسی بەفەرمی بناسن.
هێشتا یەکێتی و زۆرتریش پارتی، لەبەرامبەر بەو خواستەی سەرۆکی نەوەی نوێدا لاموبالاتن و ئامادەنین چ سەرۆک و چ نەوەی نوێ وەکو سەرۆک و ڕێکخراوەیەکی سیاسی لە پێکهاتەی ڕیزی ئەحزب و ریکخراوە سیاسییەکانی کوردستاندا بەڕەسمی بناسن، ئەمە دۆخێکی دروستکردووە کە رەوتی نەوەی نوێ بڕگەی یەکەمی هەوڵەکانی خۆی بە هێرشێکی سیستماتیکی میدیایی بۆ سەر دەسەڵات و تایبەت تریش بۆسەر پارتی دەست پێبکات. بۆ ئەم مەبەستە میدیایەکی گەورەی خستۆتە گەر تا بەشێک و تەنها بەشێک لە روخساری دزیوی دەسەڵات و تاڵانی و سەرکوتگەرییەکانی بخاتە پیش چاو، بێ ئەوەی دەست ببات و چاو و گوێچکەی بینین و بیستنی ڕیشەی چینایەتی ئەو بێمافی و دزی و تاڵانی و چەوساندنەوەیە ببینێ و ببیستێ.
وەختێک ئەم میدیایە و ژمارەیەک لە روخسار و کادری ئەزموون سزی ناتوانن پارتی و یەکێتی ناچار بکەن دان بە بوونی ڕەسمیان وەکو حزب و ڕەوتێکی سیاسیدا، بنێن… هەنگاوی دووەمی نمایشی خۆیان دەخەنە ڕوو.
بانگەوازی خۆپیشاندان و دوبارەکردنەوە و لەداهاتوشدا چەند بارەکردنەوەی، هەنگاوێکی ترە لە راستای هەمان ئامانجدا کە میدیا بەتەنها نەیتوانی پارتی و یەکێتی بجوڵینێت بە فەرمیان بناسێت.
بەڵی نەوەی نوێ دەیانەوێت بە وەربەرهێنان لە بزوتنەوەی فراوانی نارەزایەتی جەماوەری بە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و دژی بزوتنەوەی کوردیەتیدا، پێگەی خۆیان بەرنەپیشەوەو دەسەڵات ناچار بکەن وەکو هێزو رەوتێکی سیاسی بەرەسمیان بناسێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
بانگەوازی خۆپیشاندان لەلایەن سەرۆک و جوڵانەوەی نەوەی نوێووە،” کە هیچی نوێ نییە، جگە لەناوەکەی”، دوور و نزیک پەیوەندی بەپشتیوانی نەوەی نوێ لە خواست و داخوازییە رەواکانی جەماوەری ستەم دیدە و بێدەرەتانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە نییە. هەروەها جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستانیش ئەزمونێکی یەکجار تاڵیان لەگەڵ ئەم جۆرە لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژاوازی هەیە کە جارێکی تر و بە سانایی نابنەوە بە زەخیرەی هیچ هێزێکی سیاسی تر تا بیانکەنە بەردەبازی گەیشتن بەدەسەڵات و هاوبەشی دەسەڵات. ئیسلامیەکان و زۆر تایبەتی تریش بزوتنەوەی گۆڕان، ئەزمونێکی لە بیر نەچووەوەیە لە زاکیرەی خەڵکی کوردستاندا. بزوتنەوەی گۆڕان هات، بەناوی” گۆڕان” و گۆڕانکارییەوە هات. بەبانگەشەی چاکسازی، شەفافیەتی نەوت، بەدامەزراوەیی کردنی سیستەمی دەسەڵات، بە نیشتیمانیکردنی هێزی چەکدار، بەوەستانەوە بەدژی گەندەڵی… بە کۆمەڵێک پاکیجەوە، هات. گۆڕان لە جەرگەی نارەزایەتی فراوانی جەماوەریدا بەدژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هاتە مەیدان، بەدیمەنێکی جیاوازو سیمایەکی هەژارانە و روخسارێکی لاوانەوە خۆی دەرخست، بە پلاتفۆرمی گەورە
خۆی نمایش کرد، وە توانی و تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر بەشێکی بەرین لە جەماوەری ناڕازی سەرمەستی گۆرانکاری کرد، تەنانەت بەشێک لە چەپ و خۆ بە کۆمۆنیست زانەکانی راکیشی ناو ریزەکانی کرد. بزوتنەوەی گۆڕان بژاردەکانی خۆی وەکو رەوتێکی سیاسی، کردە بژاردە بەشێکی بەرینی جەماوەری و پێگەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەکاندا، کەچی زۆر زوو ماهیەتی ئەو رەوتە دەرکەوت، کە پەیوەندی بە چاکسازی و باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە نییە و وێڵی بەشداری دەسەڵات و هاوبەشی کردنە لە دزی و تاڵانییدا.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای شکستی ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕان، شانسی دوبارەکردنەوەی ئەم ئەزمونەی نییە کە جارێکی تر خەڵکی کوردستان بکاتە دەستمایەی گەیشتن بەدەسەڵات…
دیارە لە نەبوونی هێز و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپ و رادیکاڵ و پێشکەوتنخوازدا، هەمیشە رەوت و لایەنی سیاسی تری بۆرژوازی بە بەرگی نوێ، بە بانگەشەی نوێ، دەتوانن بەشێک لەجەماوەر بۆ خۆیان و رابکێشن و کەڵک لە تورەیی و نارەزایەتیان بۆ ئامانجەکانی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەم شانسە بۆ نەوەی نوێ، شانسێکی لاوازە. بەتایبەتیش دوای ئەزمونی بزوتنەوەی گۆڕانی” باوکی هەژاران”. کە سامانەکەی دوای مردنی یەکسان بوو بە ملیارها دۆلار و بانگەشەی دژی دەسەڵاتی بۆ ماوەیی، کردە بەخشینی دەسەڵاتی خۆی بۆ کوڕەکانی!!.
ئەوەی کە نەوەی نوێ شانسی لاوازە، ئەزموونی بزوتنەوەی گۆڕانی ٢٠٠٩ دوبارە بکاتەوە، بەمانایی ئەوە نییە گوێ بەو رەوتە نەدرێت و دەرگای بۆ واڵابکرێت فریوکاری بکات. نابێ ڕێگەبدرێت جەماوەری وەزاڵەهاتوو بکاتە زەخیرەی ئامانجەکانی، کە لە ئێستادا بەدوای ئەوەوەیە کە یەکێتی و پارتی بەرەسمی بناسن.
ناوەراستی ئۆگەستی ٢٠٢٠