خەستەخانە تایبەتییەکان، دەبێ دەستیان بەسەردا بگیرێت!
عەبدوڵا مەحمود
وەزارەتی تەندروستی هەرێم، کە خۆی بۆتە دەدر و نەخۆشیەکی درێژخایەن بەسەر چینی کرێکارو توێژە بێبەش و بێدەرەتانەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، هەندێک نرخی بۆ خەستەخانە تایبەتیەکان داناوە تا نەخۆشانی کۆڕۆنا لە سایەیدا تەندروستیان بۆ بگەڕێتەوە… ئەم نرخانە کە بۆمانەوەی تەنها شەوێک خراونەتە ڕوو، بەهەموو پێوانەیەک بە ئەندازەی نەخۆشی نەخۆش بۆ نەخۆشەکە مەرگبارن.
ئەو نرخانە کە لەفۆرمی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە و وێنەکە لە بەردەستانە، نیشانی دەدات کەوەزارەتی تەندروستی و دەسەڵاتی سیاسی پشتی ئەو وەزارەتە، خۆیان هێندە نەخۆش و بۆگەنکردوون کە هیچ چارەسەرێکیان نییە، جگە لەوەی توڕ بدرێن و ڕیگەنەدرێت لەوە زیاتر بۆگەناویان کۆمەڵگە قانگ بدات.
ئیوە تەماشا بکەن… لەهەرچی جێگایەکی دنیا هەیە، نرخی نەخۆشخانەی تایبەتی بەپێی داهاتی زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بڕیاری لیدەدرێت، نەک بەپێی داهاتی ملیاردێر و ملیۆنەرەکان… ئەوە بەجیا لەوەی لەزوربەی هەرەزۆری وڵاتانی کەمێك پێشکەوتووی دنیادا، خەستەخانەکان و خزمەتی تەندروستی بە خۆرایی یان بەپارەیەکی یەکجار رەمزی کەمەو هەموو هاوڵاتیان دەتوانن بێ جیاوازی کەڵکی لێوەر بگرن.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان و وەزارەتە تەندروستییە نەخۆشەکەی، هەموو خەستەخانەو بنکە تەندروستییە حکومیەکانیانیان بەرەو وێران کردن بردووە، کەمترین پێداویستی تەندروستی و خزمەتگوزاری و کەمترین ئاست لە ئینسان دۆستیان لە کایەی تەندروستیدا نەهێشتۆتەوە، ئامانجیشیان لەم کارە ناچارکردنی هاوڵاتیانە بۆ رووکردنە خەستەخانە تایبەتیەکان، کە زوربەی هەرەزۆری ئەو خەستەخانە تایبەتیانەش سەر بە دەسەڵات و بەرپرسانی حزبی دەسەڵاتن…
ئەم دەسەڵاتە کە خۆی خاوەن خەستەخانەکانە حکومیەکانە بە بەپێوەری حزبی دەیانباتە ڕێوەوە مامەڵە لەگەڵ کارمەندان و پزیشکانیان دەکات، هەروەها هەر ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییە خاوەنی هێنانی دەرمانە و بازرگانی بە دەرمانەوە دەکات، خاوەنی خەستەخانە ئەهلی و تایبەتیەکانە… خۆیشی دەستی بەسەر موچەی کریکاران و کارمەنداندا گرتووە، بەچەند مانگ جارێک موچەیەکی ناچیز دەدات بە موچەخۆران… کەچی بێشەرمانە مانەوەی شەوێکی نەخۆش لەزۆر حاڵەتدا نرخەکەی بەرابەرە بە موچەی مانگێکی موچەخۆر و کارمەندێک…
ئەم مامەڵەیەی دەسەڵات و وەزارەتی تەندروستی، بە وێرانکردنی خەستەخانە حکومیەکان و نەهیشتنی کەمترین خزمەتگوازرییەکانی لەلایەکەوە بۆ شانخاڵی کردنەوەی دەسەڵاتە لەبواری کەرتی تەندروستی و لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەیە کە بازاڕی خەستەخانە تایبەتیەکان پڕ بازار بکات و گیرفانی کرێکاران و کارمەندان لەوەی ئیستا هەیە زیاتر خاڵی بکاتەوە و بیانخاتە ژێر قەرزی تاقەتپروکێنەوە…
ئەم دزی و هاوکات کوشتارەی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوازری تەندروستییەوە یەخەی جەماوەری بێبەشی کوردستانی گرتووە و تا ئێستا تەنها بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە بەدەیان کەس گیانی لەدەستداوە. ئەم نرخانەی دەسەلات و وەزارەتی تەندروستی بۆ خەستەخانە تایبەتیەکانی وابەستە بەخۆیان دایان ناوە. گۆشەیەک لە جەنگی دەسەڵاتە لە بەرامبەر بە ئۆردوی بێدەرەتانی کورستان و کارمەند و پزیشکە دڵسۆز و خەمخۆرەکاندا…
لەبەرامبەر بەم دۆخەدا، دەستبەسەراگرتنی خەستەخانە حکومیەکان و بەرێوەبردنی لەلایەن کارمەندان و پزیشکە دلسۆزەکان لەلایەن خۆیانەوە بۆتە ئەرکێکی لەدواخستن نەهاتوو، کە دەتوانێت هەم هەتوانی دەردی نەخۆشەکانی کۆمەڵگە بکات وهەم موچە و پاداشتی گونجاو بەجێش بۆ کارمەندان و پەرستار و دکتۆرەکان لەکاتی خۆیدا زامن بکات..
هاوکات لەریگای گوشاری جەماوەرییەوە دەبێت خەستەخانە ئەهلی و تایبەتیەکان کە خاوەنەکانیان حزب و پیاوانی دەسەڵات و وابەستەی تاڵانچیانی کوردستانن، لەدەستیان دەربهرێت و بگێردرێنەوە بۆ خودی خەڵک، یان دابخرێن و سەران و خاوەنەکانیشیان وەکو دزانی حیرفەیی ریسوا بکرێن و بدرێنە دادگای جەماوەری.