Home ئەرشیف2020 پێویستە دەسەڵات و ئەزموونی هەرێم ڕابماڵرێت!

پێویستە دەسەڵات و ئەزموونی هەرێم ڕابماڵرێت!

by Abdulla Mahmud

پێویستە دەسەڵات و ئەزموونی هەرێم ڕابماڵرێت!

عەبدوڵا مەحمود

هەلومەرجی سیاسی کوردستان، لە دۆخێکی هەستیاردایە. ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو موچەخۆران، بێکاران، کەبەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەی کوردستان پێکدەهێنن، تا بڵێی سەختە و رۆژ بەرۆژیش سەختر دەبێت… موچە نییە یان لەکاتی خۆی زۆر دوادەکەوێت. مانگەکانی رۆژ لەلایەن دەسەڵاتی لاباکی کوردستانەوە، درێژ دەکرێنەوە. خزمەتگوزارییەکان لەوپەڕی خراپی و داڕماندان. سلکی پەروەردە تا دەگات بەکەرتی تەندروستی وێرانن… دزی و تاڵانی سیستماتیک بەهەردوو جۆری”رەسمی نارەسمی” لەلایەن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە بۆ ساتێک ناسرەوێت. ڤایرۆس کۆڕۆنا و لێکەوتەکانی ژیان و گوزەرانی زۆربەی خەڵکی کوردستانی لەبەردەم مەترسیی کار لەدەستدان و ڕاگرتنی بازاردا راگرتووە و حکومەت و دەسەڵاتیش لەوپەری لاموبالاتیدایە، داوای خۆپاریزی لەهاوڵاتیان دەکەن، بەڵام ئامادەنین بەرپرسیاریەتیەکی بەکردەوە بگرنە ئەستۆ و ژیان و گوزەرانیان دابین بکەن. پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا شلۆق و بی ئاییندەیە و رۆژ بەرۆژ کیشەکانیان لە پەیوەند بەموچە، یاسای نەوت و غاز، چۆنیەتی ئیدارەو سەڵاحیەتەکانی دەسەڵاتی هەولێر… بەرەو ئالۆزی زۆرتر مل دەنێت و بەغداد دەیەوێت دەسەڵاتی حزبەکان لەکوردستاندا سنوردارتر و کەم سەڵاحیەتر بکات. ئاینندەی سیاسی کوردستان هیچ ئاسۆیەکی باشی لەبەردەم نییە کە بەرەو کام ئاقار دەڕوات و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی چ بەسەر دێت. پەیوەندی نێوان حزبەکان لەخانەوادەی بۆژوازی کوردا تا بڵێی ناجیگیر و پڕ کێشەو ململانێیە. حکومەت و پەرلەمان وەکو دوو دیکۆری ساختە هیچ کارەن و رۆڵیان لەچاو دەسەڵاتی حزبیدا، زۆر ناچیز و ڕوکەشە. قڵشتی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و خەڵکی کوردستان لە هەردوو زۆنەکە، بە ئەندازیەک بەرین بۆتەوە، کە نزیک بوونەوەیان لەیەکتری بەوەو مەحاڵ مل دەنێ. بەشە ناڕازییەکانی بۆرژوازی و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان… لە بن بەستدان. خۆشباوەری بە بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان، تا ئەندازیەکی یەکجار زۆر رەویوەتەوە و ئیستا جێگای نەفرەتی گشتین.

لەبەرامبەر بەم دۆخەدا، نارەزایەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی سیاسی روولەهەڵکشانێکی خێرایە. بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کوردستان لەهەموو گۆشەو کەنارێکی کوردستاندا قوڵپ دەدات و بەشێکی زۆر لەشارو شارۆچکەکان و ناوەندەکانی کارو خزمەتگوازییەکان، هەر ئێستا بوونەتە مەیدانی بایکۆت، مانگرتن، کۆبونەوە، خۆپیشاندان. ئەگەری خرۆشانی جەماوەری و ڕاپەرینی شارو شارۆچکەکان، بەهێزەو دەسەڵاتی سیاسیش درکی ئەو مەترسییە دەکات. بەشێک لە هێزە سیاسیەکان لەوانە یەکێتی و گۆڕان، کە خۆیان بەشێکن لەدەسەڵاتی بەشدار لەهەولێر و دەسەڵاتی بەکردەوە لە زۆنی سەوزو نیلین، دەیانەوێ بە بەرگی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربکەون لە بەرامبەر بە پارتی و هاوکاتیش خۆیان لەتورەییی خەڵکی کوردستان، بپارێزن. گۆران و یەکێتی دەیانەوێت هەلومەرجی سیاسی کوردستان، لە گرانی و نەبوونی، بێکاریی و دزی و تاڵانی و شلۆقی پەیوەندی هەرێم و بەغدا…تاد، بخەنە ئەستۆی پارتی و شانی خۆیان لەهەموو بەرپرسیارییەتیەک، بدزنەوە. تەنانەت دەیانەوێت بەرپرسیاریەتی دۆخی ناهەمواری زۆنی سەوزو نیلی، کەڕاستەوخۆ یەکێتی و گۆڕان بەرپرسی سەرەکین لێی بخەنە ئەستۆی پارتی و ئەستۆ پاکی خۆیان نیشان بدەن.

تورەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری ئیستای کوردستان، تەنها روو لە داواکاری و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان نییە، تەنها لەدژی دزی و گەندەڵی نییە، بۆ چاکسازی و دابینکردنی موچە نییە، بەڵکو چۆتە ئاستێکی باڵاتر. لە بزوتنەوەی داخوازییەکانەوە بۆتە بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵات. خواستی کۆتاییهینان بە دەسەڵات بۆتە مەسەلەی میحوەری. خەڵکی کوردستان ئومێد بڕ بوون لەوەی ئەو دەسەڵاتە چاکسازی بکات، یان دەربەستی ژیان و گوزەرانیان بێت، بۆیە بزوتنەوەی داخوازییەکان گۆڕاوە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی بۆ کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.

 دیارە ئەم هەنگاوێکی روولەپێشە، بەڵام هێشتا هەنگاوی دواتر، کە پێویستە سەرجەم بزوتنەوەی کوردایەتی بکاتە نیشانە نەبۆتە مەسەلەی سەرەکی، واتە حزبە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کە زادەی بزوتنەوەی کوردایەتین، لەبەردەم نەفرەت و شەپۆلەکانی راپەرینی جەماوەریدان، بەڵام خودی بزوتنەوەی کوردایەتی هیشتا نەبۆتە نیشانەی رەوتی گۆرانکارییەکی بناغەیی، بۆیە لەهەلومەرجێکی ئاوادا، ئەگەر ئەلتەرناتیفێکی تەواو جیاواز لە بزوتنەوەی کوردایەتی و پێ نەگرێت و قیافەی لە کۆمەڵگەدا نیشان نەدات، هەمان بزوتنەوەی ناسیونالیستی دەتوانێت لە بەرگ و قیافەی تردا، حزبی سیاسی لەمنداڵدانی خۆیدا دەربهێنێت.

بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان، و شەپۆلەکانی ئەم راسانەی پیشبینیکراون. لەوەها دۆخێکی هەستیاردا، ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە پیویستی بەوەیە بزوتنەوەی کوردایەتی، وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی و لانکەی  پێگرتنی ئەحزبە سیاسیەکانی، تێپەرێنێت. نەک تەنها ئەو دەسەڵات و حکومەت وپەرلەمانە پوچ و فریودەرانەکەی، بەڵکو پیویستە سەرجەم ئەزموونی شکستخواردوی هەرێم، لە ریشەوە هەڵبکەندرێت و ئەزمونێکی نوێی ئازادیخوازانە، ئینساندۆست و پیشڕەو جێگای بگرێتەوە. ئەزموون و دەسەڵاتێک کە بەشداری راستەوخۆی هاوڵاتیان لە دەسەڵات و بەڕیوەبردندا زەمانەت بکات، یاساو رێسای پیشکەوتنخوازنە بکاتە مەبنا، کۆتایی بە فیدرالیزمی پوچی قەومی بهێنێت و خەڵکی کوردستان لە کەشێکی ئازادانەدا، بریار لەچۆنیەتی پەیوەندی هەرێم بە بەغداوە، بدات و دووبارە پرسی جیابوونەوە لە عێراق، یان مانەوەی بە مافی هاوڵاتی یەکسانەوە لە ریفراندۆم” راپرسیەکی” ئازادانەدا، بەدوور لە هەرەشەو توندوتیژی و لە ژێر چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا، بەدەستەوە بگرێت.

ئەلتەناتیفێکی پیشڕەو ئازادیخوازنە بۆ بنیاتنانی ئەزموونێکی نوێ و پشت بەستو بەدەسەڵاتی راستەوخۆ و ئازادانەو لەخوارەوەی جەماوەری، لەخۆیە نایەتە بوون، بەڵکو پیویستی بەوەیە بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازی کۆمەڵگە، لە ئیستاوە بە نەخشەی رۆشنەوە پێ بنێتە ناو ئەو شەپۆلانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کە رۆژ بەرۆژ ڕوو لە هەڵکشانە. پیویستی بەوەیە رابەران و هەلسوڕاوانی کرێکاریی و کۆمۆنیست، چەپ و ئازادیخواز، رینوێنی و هەنگاوەکانی پیشرەوی و رێگاکانی سەرکەوتنی بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵات بخەنە بەردەم کۆمەڵگە و ئاڵای رزگاری یەکجاری لە ستەم چەوساندنەوەی و نابەرابەری و بێمافی، بەدەستەوە بگرن. هەنگاوەکان بۆ رێکخراوبوونی کرێکاران لە کارگە و ناوەندەکان، پیكهێنانی رێکخراوە جەماوەرییە کریكاریی و رادیکاڵەکان، ریکخراوی گەرەکەکان لە کەسانی جێگا متمانەو دڵسۆز دەستیان بۆ ببرێت. لەگەڵ راماڵینی دەسەڵاتی سیاسی لەهەر جیگا و شوێنێک، شارو شارۆچکەو گەرەکێک و ناوەنیکی دیاریکراو، هاوکات پیویستی بەبوونی هیزی پارێزگاری ئەو جێگاو شوێنە هەیە. لە کوردستان دەسەڵاتی سیاسی بە داگیرکردنی حکومەت و پەرلەمان و پاریزگا و قائمقامیەت و ناحیە و کۆتایی پێنایەت… بەڵكو بە راماڵینی دەسەڵاتی حزبیان و جێگرتنەوەی راستەوخۆی بەدەسەڵاتی جەماوەری رێکخراو چەکدار مەیسەر دەبێت و بەر بەگەڕانەوەی چەکدارانەیان دەگیرێت. ئەوەی لە هەموو کون و قوژبنێکی کوردستان هەیە دەسەڵاتی حزبە، حکومەت نییە. لە دۆخی کوردستاندا، ئەوە حزبە بریار دەردەکات و دەسەڵات و گوێگری خۆی هەیە، حکومەت نییە.

زەمینە بۆ چەپ و کۆمۆنیزم لەبارە، ئەسپی خۆی تاو بدات و ببێتە هێزی کاریگەر و بڕیاردەر. ببێتە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و دزو نۆکەر پیشەییە، کە نزیک بە ٣٠ ساڵە، وەکو میراتگری بەعس، کایە بەژیان و چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە دەکات و ئاینندە سیاسیەکەی لە تونیلێکی تاریکدا راگرتووە.

با بۆ نەبەردی کۆتایی خۆمان ئامادەبکەین، با لەسەر راسانێکدا، لە هەرشەپۆلێکی راماڵینی دەسەڵاتدا، ئەلگۆ و فۆرمی دەسەڵاتێکی ئازادانەو بە بەشداری راستەوخۆی هاوڵاتیان، جیگیر بکەین و نیشانی بدەین، دەسەڵاتی چەپ و کۆمۆنیستەکان عەمەلییە…

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video