Home ئەرشیف2018 هاوپشکەکانی سەرۆک

هاوپشکەکانی سەرۆک

by Abdulla Mahmud

هاوپشکەکانی سەرۆک

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

بەپێی هەوڵێکی ئاژانسی پەیامنیر کە ڕایگەیاندووە لەسەرچاوەیەک لەدەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانیەوە دەستیان کەوتووە… لەداهاتی سەرۆک کۆمار کە برەکەی ٤٢ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، هەریەک لەباڵ و لاباڵەکانی یەکێتی خاوەن پشکن لەم برە پارەیە و بەپێی رێکەوتنێک کە لەنێوخۆیاندا لەسەری رێک کەوتوون، پشکەکان بەم جۆرەی خوارەوە دابەش کراوە:

١٥ ملیۆن دولاری مانگانە بۆ لاھور جەنگی.

١٤ ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ باڤیڵ تاڵەبانی.

٥ ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ كۆسرەت رەسول.

٣ ملیۆن دۆلار بۆ میدیای یەكێتی.

باقیاتەکەی بۆ سەرۆک دەمێنێتەوە کە مانگانە دەکاتە، پینج ملیۆن دۆلار….

ئەوەی گومان هەڵناگرێت و خەڵکی عێراق و کوردستان، پێی ئاشنان، لوشدانی داهات و سامانە لەلایەن سەرانی حزبە میلیشیایی و تایفی و قەومیەکان. لەلایەن وەزیر و ئەندام پەرلەمان و خاوەن پۆستە سیادییە حکومی و حزبیەکان و خیڵی بندیوار و لیستی دورودرێژی راوێژکار و خانەنشینی کە هەموویان لەدەوری ئەم موچە خۆرە بەلاشخۆرانەن.

ئەوەی کە عێراق و کوردستان، لەتەواوی یان لەزوربەی وڵات و دەوڵەتەکانی دنیا جیا دەکاتەوە، هەر دەسەڵاتی تایفی و قەومی، هەر ئەحزابی خۆشخزمەت و نۆکەر پیشە، نییە، بەڵکو هاوکات لوشدانی ئاشکرای داهاتە بە شێوەی ئاشکراو بەبەرگی یاسایی بەبەرداکراودا…

جیاوازی موچەی وەزیرو گزیرەکان، ئەندام پەرلەمان و بەرێوەبەرە گشتیەکان، خاوەن پۆستە ئەمنی و سەربازی و جاسوسیەکان، راوێژکارە زۆرەکانیان تا دەگاتە موچەی خانەنشینیان، بەجۆرێکە کە وەکو جیاوازی ئاسمان لە زەوییە…

ئەو جیاوازییە لە موچە، یان باشتر بڵێین، ئەو سەرچاوەی داهاتە کە سەرفی موچەی ئەو خێڵە بەرینە دەکرێت و هەر چەند ساڵ جاریکیش، ریژەیان زیاد دەکات، سەرجەم پۆستە سیادییەکانی کردۆتە، کۆمپانیایەکی دۆلار بەرهەم هێن… و هەر ئەوەشە وای کردوە پۆست فرۆشی ببێتە ناسنامەی دزیەکی ئاشکراو داهێنانێکی ناوازەی ناو دنیای سیاسەت لەناو خانەوادەی بۆرژوازدا…

سەرۆک کۆماری لە عێراقدا کە پۆستێکی تەشریفاتی و چاک و چۆنی و مەجیلس سازی و دەڵاڵییە، لەگەڵ واژۆ دان لەسەر سزای قێزەونی ئیعدامی ئینسان، وەکو زوربەی پۆستە سیادیەکانی تر بۆتە سەرچاوەی بە ملیۆنیر بوون و کەناڵێکی ئاشکرای دادۆشینی داهاتی هاوڵاتیان و قوتی جەماوەری کرێکارو بیکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان…

پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد تەوافوقیان لەسەر پۆستە سیادیەکان، یان ململانێی و کیشەیان لەسەر پۆستەکان، لەوانەش پۆستی سەرۆک کۆمار و نەلەسەر پرۆژەیە، نەلەسەر سیاسەت، بەڵکو شەڕو جەنگینە بۆ دزیەکی ئاشکرا کە لەموچەی و ئیمتیازەکاندا، خۆی دەردەخات…

سەرۆک کۆماری و پۆستە سیادیەکان، سەفقەیەکی ئابورییە لە تاڵانی، هەر لایەنێکی سیاسی کە ئەو پۆستە وەردەگرێت، وەکو ئەوە وایە کۆمپانیایەکی ئامادەکراوی سەرەوت پیکەوەنان و بانق سازی بەلاشی دەست کەوتبێت، و شانسی ئەوەشی هەیە چەندین کەسی تر بکاتە هاوپشکی ئەو کۆمپانیای دزییە وەگەرکەوتووە…

لەو چوارچیوەیەدا مەعسوم، بەرهەم و بەرهەمەکانی داهاتوو، ئامادەن پشت بکەنە هەموو پرانسیب و مۆرالێکی ئینسانی، بۆ گەیشتنیان، بە مەنزڵی ئەو پۆستانەی، دەبنە سەرچاوەی بەملیۆنیر بوون و بەخشینی پشکیش بە هاوبەشە هاوپیشەکانیان…

بەرهەم سالح و هاوپشکەکانی، ئێستا و داهاتوو، کە خاوەنی چەندین پشکی تری سیاسی، تاڵانی و ئاشکراو نهێنین، ناچار بە سازان  و رێکەوتنن، لەسەر ئەو پارە مۆڵەی بەبەلاش و لەپای خۆشخزمەتی و نۆکەر پیشەییدا، دەستیان پێی دەگات… کیشەی نیوان یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستەو کیشەو ململانێ و کێبەرکێ لەناو سەرانی حزبیکیشدا بۆئەو پۆستە، سەرچاوەکەی ئەو موچەو تاڵانیە ئاشکرایەو ئەو پیگەیەیە کە دەکرێ لێیەوە، چەندین کەناڵی دزی و تاڵانی تری لێ سەرچاوە بگرێت…

لە کاتێکدا سەرانی ئەحزابی سیاسی بۆرژوازی و لە پۆستە ناچیزەکاندا، دەبنە خاوەنی ملیۆنان و ملیاردها دۆلار و سامان، کە زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کرێکارو دەست تەنگ، موحتاجی ئاوی خواردنەوەی پاک و روناکی کارەبان، موحتاجی سەرپەنایەکی شیاوی ئینسانی و سەرەتاییترین خزمەتگوزارین، موحتاجی خوێندن و پەروەردەو تەندروستین، موحتاجی رێگاو بان و ژیانێکی ئارامن…

ئەم نابەرابەرییە ئابوری و ئەو جیاوازییە لە موچەو ئەو پۆستە ناچیزە زیاد و سەرو خەڵکییە، پر لەقاسەی دۆلارو ئەو سەرچاوەی کەڵەکەی سەرمایەیەیە، بەشیکە لە قیزەونترین روخسار و سیمای زاڵمانەی نیزامی سەرمایەداری، بەتایبەتیش لە وڵاتانی دواکەوتووی و کریگرتەی دەوڵەتەکانی تردا…

ئەم نیزام دەسەڵاتە دەبێ بڕوات، و سامان و داهاتی کەڵەکەکراویش بۆ هاوڵاتیان بگێردرێتەوە… ئەم دزییە دەبێ رابگیرێت… چۆن تیکۆشان بۆ باشترکردنی ژیان پیویستە، ئاواش دەستکۆتاکردنی ئەو دزانە لە تاڵانی ئاشکراو بەناو یاساییدا، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە…

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٣٨ کە بەرواری ١٥ی ئۆکتۆبەر بڵاوبۆتەوە

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video