Home ئەرشیف2018 گاڵتەجاری هەڵبژاردن کۆتاییهات، کاتی یەخەگرتنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، بۆ ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان!

گاڵتەجاری هەڵبژاردن کۆتاییهات، کاتی یەخەگرتنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، بۆ ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان!

by Abdulla Mahmud

گاڵتەجاری هەڵبژاردن کۆتاییهات، کاتی یەخەگرتنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، بۆ ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود 

سەرئەنجام دوای ماوەیەک لە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و بەخشینەوەی بێ کۆتا و بێ سنوری سەدان هەزار درۆو وادەو بەڵێنی فریوکارانە، هەڵبژاردن تەواو بوو. ئەوەی کەپێش وەختەش دیارو  رۆشنە، حزبەکانی دەسەڵات و پشت بەستو بە هێزی چەکدار و ملۆزمی داهات و سامانی کوردستان و نۆکەر پیشە و  خوگرتوو بە خۆبەستنەوە بە سیاسەتی زڵهیزەکانی رۆژی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک لە ژمارەی کورسیەکانیان، وەکو هێزی دەسەڵات و بریار بەدەستی زونەکان دەمێننەوە… هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسێۆنیش، سەرباری هەر ئاڵوگۆرێک لە کورسیەکانیان، دوبارە باجی وەهمی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەدەن و لە بازنەی” هەڵبژاردن، دوبارە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەوە” دەخولێنەوە و بۆچوار ساڵی تر یان زیاتر… بەبەڵێنی دەیگۆرین، چاکسازی دەکەین، دەچینە لوتکەی دەسەڵات، ماشێنی بەرهەم هێنانەوەو ڕاگرتنی بەشێک لە جەماوەرەکەیان دەچەرخێنن، بۆ ئەوەی لە کایەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، دوانەکەون و دیموکراسی!! لەکەدار نەبێت.

دیارە ئەگەر بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، هەڵبژاردن تەواو بوو، وە تا چوارساڵی تر… هەر لایەنەیان، جێگای خۆی دەگرێت، بەشدار یان لە دەرەوەی دەسەڵاتدا دەبن… بەبەشی خۆیان ناڕازی یان ڕازی و گوێ لەمست دەبن… ئەوا بۆ خەڵکی کوردستان چنگە کرێ بۆ ژیان، خەبات بۆ دنیایەکی باشتر، بەردەوام دەبێت و بێ پسانەوەیە.

هەڵبژادن لە کوردستان، بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردستان مەیدانی جەنگێکە لە دژی خەڵکی کوردستان و بۆ پاشەکشەکردن بە خواست و هیواو مافەکانیان. حزبەکانی دەسەڵات بەدەستی کوردستان لەرێگای هەڵبژاردنەوە، درۆی رەوایەتی دەسەڵاتیان بە دیموکراسی زاخاو دەدەنەوەو بەدنیای دەرەوەش دەڵێن دیموکراسی سەرکەوت. بێ ئەوەی لەو دیموکراسییە، خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و نەداری کوردستان، هیچیان دەستکەوتبێت.

مەیدان ولایەنێکی جەنگی دەسەڵات لەدژی خەڵکی کوردستان هەڵبژاردنە، و لەماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، لەهەر گۆشەو زەمینەیەکدا بە لێشاو بەڵین و وادەیان بەخشیەوە، دەستەو دامێنی جەماوەر بوون، خزمەتکاری خۆیان بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە راگەیاند… دیارە لەگەڵ ئەوەدا کە هەموو ئەو وەعدەو بەڵینانە و خۆ چەماندنەوەیە بۆدەنگ کۆکردنەوە، رێگایەکی ئاشکرای فریوکارییە، هاوکات دانپیانێکی ئاشکراشە بە نەبوونی هیچ… خزمەتگوزاری و ماف و ئازادی و ویستە زۆر و زەبەندەکانی هاوڵاتیاندا، بۆیە لەهەر زەمینەیەکدا بە “بلۆک” بەڵێنیان دەدا…

ئیستا کە هەڵبژاردنەکان، کۆتاییان هات و لەچەند رۆژی داهاتوودا، ئاکامی هەڵبژاردنەکان!! رادەگەیەنرێت… کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان بەگشتی، چ ئەو جەماوەرە زۆرەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە و چ ئەو جەماوەرەی لەژێر هەر هەرەشە یان خۆشباوەرییان بە حزبەکان، بەشدارییان هەڵبژاردنیان کردووە، پێویستە یەخەی دەسەڵات بگرن و لەرێگای جۆراوجۆری خەباتکارانەوە گوشار بهێنن  بۆ حزبەکان، تا پابەندی بەڵین و وادەکانیان بن…

نابێ رێگەبدرێت، ئەو حزبانە شانی خۆیان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و داوا رەوکان و مافەکانیان و ئازادییەکانیان خاڵی بکەنەوە،  و چوار ساڵی داهاتوش بکەنە سەرچاوەی خیرو بەرەکەت و نیعمەت بۆ خۆیان و چینی سەرمایەدار و بازرگانان سیاسی و ئابورییە چاوچنۆکەکان و ژیانی مەمرەو مەژی و بێبەشی و نەداری و بێمافیش بکەنە بەشی زوربەی زۆری کۆمەڵگە، کە کرێکاران و کارمەندان و زەحمەتکێشانی کوردستانن…

لیستی بەڵێنەکان، پەیامی سەرۆک حزب و لیستەکان، بەرنامەی بانگەشەکان، کروزانەوەی کاندیدەکان و وادەکانیان، دیمانەو گفتۆگۆ پر بەڵێنەکانیان… لە گوێی هەموو تاکێکی خەڵکی کوردستاندا دەزرنگێتەوە… پێویستە و دەبێ، بەرپرسیارێیتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و وادانەیان بە ئەستۆدا هەڵبواسرێت و ناچار بکرێن کە دەست بۆ جێبەجیکردنیان ببەن… لە حاڵەتی گوێنەدان و پشتکردنە ئەو وادەو بەڵینانەیان، لەگەڵ کۆتایی هاتن و بەفەرمی راگەیاندنی ئاکامەکان، لەگەرەکەکان بۆ خزمەتگوزایییەکان برژێنە سەر جادەکان، لە کارگەو ناوەندەکاندا بە کۆبونەوەی گشتی و لە دەوری یەکتری و بە شێوەی رێکخراو، داوای ماف و داخوازیەکانیان بکەن و پەیام نامە و بانگەشەکان بدەنەوە بەرووی حزبەکان و کاندیداکان و ریزی وردو درشتی لغاو بەرەڵای هەڵڕشتنی بەڵێنەکانیان… گومان هەڵنەگرە ئەو حزبانە، بە خۆشی خۆیان دەست بۆ هیچ چاکسازی و خزمەتگوزاری و وەڵامدانەوە بە خواست و داواکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێس نابەن و دەبێ یەخەیان بگیرێت، دەبێ گوشاریان بۆ بهێنرێت. دەبێ هەرەشە لە دەسەڵاتیان بکرێت… ئەمەش بە بێ رێکخراوبوون، بەبێ خۆجیاکردنەوە لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و کوردایەتی، بەبێ دەست بەکاربوونی بەنەخشەی رابەران و هەڵسوراونی چەپ و کۆمۆنیست و رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری ممکین نابێت… حزبەکان و قسەکەرەنیان، کانداداکانیان، بەرپرسە وردو درشتەکانیان، ئەگەر بەهێزی ڕیکخراوی جەماوەری ناچار نەکرێن بۆ جێبەجێکرنی وادەو بەڵینەکانیان، ئەوا دیسان تا چوار ساڵی تر کۆمەڵگە دادەدۆشن و لە هەڵبژاردنی ٤ ساڵی داهاتوودا، هەمان ئەو بەڵین و وادانە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دوبارە دەکەنەوە، هەروەکو چۆن لە خولەکانی پێشودا کردویانە… ئەگەر چەند هەفتەی رابردوو کات و رۆژی بەڵێندانی حزبەکان و بەرپرس و کاندیداکانیان بوو بۆ بەخشینەوەی وادەو بەڵێن بۆ خزمەتکرنی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و زامنکردنی مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکان،  ئەوا ئێستا دوای هەڵبژاردنەکان کات و رۆژی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیشە بۆ دریژەدان بە نارەزایەتیەکانیان بە گورو تینیکی زۆرترو فراوانتر لە پێشوو، رێکخراو ترو رۆشنتر لە رابردوو، لەپێناو ناچارکردنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە بەڵێنەکانیان و بۆ بەدەستهێنانی ویست و داخوازییە هەمەلایەنەکانیان.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ بەرواری ١/١٠/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە

هاوڕێمان بن!

پەیوەندی

دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ هەر سەرنج و پێشنیار و ڕاگۆرینەوەیەک، لە ڕێگای:

abdulla.mahmud@gmail.com

دیمانەی پێشەنگ

Play Video