Home ئەرشیف2018لە یادی دووسەدساڵەی لەدایکبوونیدا، پەردە لەسەر پەیکەری مارکس لادەدرێت!!

لە یادی دووسەدساڵەی لەدایکبوونیدا، پەردە لەسەر پەیکەری مارکس لادەدرێت!!

by Abdulla Mahmud

لە یادی دووسەدساڵەی لەدایکبوونیدا، پەردە لەسەر پەیکەری مارکس لادەدرێت!!

عەبدوڵا مەحمود

٥ ئایار، دووسەد ساڵ بەسەر لەدایک بوونی مارکسدا تێپەردەبێت… بە بۆنەیەوە پەیکەرێکی بڵند باڵای پینج مەتری، بۆ بڵندبەرزی ئینسانی و کەسایەتی سیاسی شۆرشگێر و فەیلەسوف و ئابوریناس و رێنشاندەری رزگاری ئینسان لە ستەم و نابەرابەری نیزامی دیلیهێنەری سەرمایەداری، مارکس دروستکراوە و وابریارە ٥ ئایار لەشاری تیری ئەڵمانیا، شوێنی لەدایک بوونی لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەر ئەو پەیکەرە لاببرێت…

دانانی پەیکەری مارکس دوای دووسەد ساڵ بەسەر لەدایکبوونیدا، زیندوراگرتنی یادی دووسەدساڵەی… ئاماژەیە بۆ زیندووبون وراست و دروستبوونی و لەسەر حەق بوونی مارکس. دوای ئەو هەموو هێرشەی کە بەشکستی بلۆکی شەرق و داکوژانی سۆسیالیزمی دەوڵەتی لە روسیادا کرایە سەر مارکس و مارکسیزم و بیروباوەرەکانی مارکس، کەچی تا ئێستا قین لەدڵترین رەخنەگرانی  کۆمۆنیزم و مارکس و مارکسیزم ناتوانن ئەو راستیە رەتبکەنەوە کە مارکس تێروانین و تیزەکانی توانیویەتی تیگەیشتی ئینسان بۆ میژووی مرۆڤایەتی لە رەگ و ریشەوە بگۆرێت…

بۆچوون و لێکدانەوەکانی مارکس کە لە نووسین و تیزو پرکتیکی شۆرشگێرانەیدا، بەرجەستە بووە، دەوڵەمەندترین و سازشهەڵنەگرترین رەخنەی تیئۆری و فکری و سیاسی و پراکتیکی بووە لە سیستەمی سەرەوخوارو دیلیهێنەری سەرمایەداری…

سەرمایەداری لەکاتی سەرهەڵدانیەوە، بە کۆنی و تازەیەوە، بەو بەرگ و شیوازو سیما و روخسارە ماکیاژکراوەکانیەوە… بەسەردەمی پێ گرتن و گەشەیەوە، بە دەورانی رەونەق و  ئەزمەیەوە،… تا بەنەمر نیشاندانی سەرمایەداری لەچەند دەهەی رابردوودا… دەتوانرێت و سانایە لەوە تێبگەین کە سەرمایەداری وەکو هەر دیاردەو چینێکی کۆمەڵایەتی، دەکرێت بمرێت و بەخەباتی و رێکخراو و یەکگرتوانەی خودی گۆرهەڵکەنانی سەرمایەداری” چینی کرێکار” بە گۆڕ بسپێردرێت..

مارکس یەکەم کەس بوو پێناسەی راستەقینەی دیاردەیەکی میژووی کرد بەناوی سەرمایەداری و نیشانیدا کەچۆن پێی گرتوەوە سەری هەڵداوە، و بەچ قانونمەندیەک دەجوڵێت و تایبەتمەندیەکانی چین و چۆنیش دەتوانرێت لە بەین ببرێت… مارکس پەردەی لەسەر دیاردەیەکی هەستپێنەکراو بەناوی ئەلگۆی بەهەم هێنانی سەرمایەداری لادا…

ئەمرۆ بۆرژوازی لە دڵی ئەزمەو قەیرانگرتووی خۆیدا، ناچارە دان بنێت بە رۆڵی مارکس و تیروانینەکانیدا، بەو جۆرەی خۆیان دەیانەوێت و مەبەستیانە… ئەوان دەیانەوێت… مارکس تەنها وەکو ئابوری ناسێکی روت و دوور لە سیاسەت و شۆرشگیر و خەباتکار… دەرخواردی کۆمەڵگە بدەن.. بەڵام راستی دروستی بۆ چوونەکان و تیزەکانی، تا پراکتیکی و شۆرشگیربوونی مارکس راستیەکە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت… بۆیە مارکس هەر زیندووە و تا ئەوکاتەش نیزامی سەرمایەداری و شێوەی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری بمینێ…ناو و کارنامەو رۆڵی مارکس وەکو سەرمایەداری کیشوەر بڕ و دەمێنتەوە… دوای دووسەد ساڵ بەسەر مەرگی مارکسدا، دروستکردنی پەیکەری بڵندباڵا لە برنۆز و لە وڵاتی غولائاسای ئابوری سەرمایەداری” چین” دا و دانان و لابردنی پەردە لە ئەڵمانیادا، نیشانەی سەردانەواندنە لەبەرامبەر ئەو ئینسانەدا کە لەگەڵ هاوڕیکەی ئەنگڵسدا، توانیان تیگەیشتنی ئینسان، لە رەگەوە بۆ کۆمەڵگە و دیاردەی سیستەمی سەرمایەداری بگۆرن…

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە