عەبدوڵا مەحمود
بەرواری ٢٤ ئەم مانگە ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدەو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک”تەڤدە”، لەلایەن پۆلیسی چیکەوە، دەستبەسەر کرا… پاشان بەرواری ٢٧ مانگ واتە دوای سێ رۆژ ئازاد کرا… بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵە میدیاییەکان، دوو هۆکار بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، راگەیەنران… یەکەم: تا بەر بە پلانی دەستگیر یان تیرۆرکردنی بگیرێت، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، دووەم: لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا موسلیم دەستگیر کراوە… کەواتە لەهەر دوو حاڵەتەکەدا ئەوەی رۆشنە کە تورکیا لەپشت ئەم پیلانە چەپەڵە بووە… بە تایبەتیش کە ناوبراو لەچەند مانگ لەوەبەرەوە ناوی خراوەتە لیستی سوری، دەوڵەتی تورکیای پشتیوانی ئاشکرا لە داعش و تیرۆریزمی داعشی…
تورکیا هەموو هەوڵی خۆی خستەگەر تا موسلیم بەدەستبەستراوی بگێرێتەوە بۆ تورکیا… بەڵام نەک بەو هۆیەوە کە موسلیم تیرۆریستە، بەڵکە بەوهۆیەوە کە سوپای فاشیستی دەوڵەتی تورکیا گروپە تیرۆریستەکانی هاوکاری، لە بەرامبەر بە راوەستاوی و ئیرادەی بەرگری لە عەفرین، توشی لوتشکان و شکست بوون… ویستی بە دەستگیرکردنی موسلیم ئیرادەی خۆراگری عەفرین بشکێنێت…
دەوڵەتی تورکیا، خاوەنی کارنامەیەکی رەشی رفاندن و تیرۆر و کردنی تورکیایە بە زیندانێکی گەورەی نەیارانی سیاسی خۆی… تورکیا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بەهۆی بەردەوامیدان بە گرتن و زیندانیکردن، خاوەنی زۆرترین زیندان و زیندانیانە… بەجۆرێک کەهەموو زیندانەکانی تورکیا سیخناغن لە نەیارانی سیاسی، رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری و بەو هۆیەشەوە تورکیا پێویستی بە سەدان زیندانی ترە، تاجێگا بۆئەو هەموو زیندانانە بدۆزیتەوە… کە بە پاساوی جۆراوجۆر و یان بەدروستکردنی دۆسیەی دڵخوازانە و سیناریۆی ساختە رەوانەی زیندانەکانیان دەکات…
دەوڵەتی تورکیای ئەندامی ناتۆیە… هەر بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە دەوڵەت و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەکانیان، لەبەرامبەر درندەیی و هەسارپچروای ئەو رژێمەدا بێدەنگن و بەو بێدەنگەشیان بەشدارن لەو تاوانکاریانەی تورکیا بەرامبەر ئازادی و ئازادییەکان و پێشێلکردنی نەپساوەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا…
دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم و خستنی ناوی بۆ ناو لیستی سور، کە تۆمەتبارکردنە بە تیرۆر…لەکاتێکدا بەربەچاوی دنیاوە کۆبانی لوتی داعشی شکاند، ئەو کۆبانییەی کە یەکێک لەو کانتۆنانە بوو کە موسلیم کەسی یەکەمی دامەزراندنیان بوو…
دنیای فەرمی خۆی کەر و گیل و کوێر کرد، لەبەرامبەر دەستگیرکردنی موسلیم و دڕندەیی و هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر عەفرین. خۆی ناگەهان کرد لە بەرامبەر دژە تیرۆربوونی و جەنگینی موسیلم دژی تیرۆردا، بەڵام دیسان و بەئاشکراش و هەواڵگرە زیرەکەکان و دەزگا هەزارسەرە جاسوسیەکانیان و دەوڵەتەکانیان، تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیا و پێشلکارییەکانی لە ناوخۆو دەرەوە، هاوکاری… تورکیا بۆ. داعش و تیرۆریزم تۆمار دەکەن… بەڵام لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریەکانیان و بەرەی هەر بلۆکیکیش بۆ لەدەستنەدانی وابەستەبوونی تورکیا بەخۆیانەوە لە ناوچەکەدا، کوێرن و خۆیان لەرەفتارو نەخشە و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا، کەڕکردووە، کە لە ئێستادا مڵۆزمی سەر ناوچەکەیە…
هەوڵدان بۆ تیرۆری ساڵح موسلیم، یان رفاندنی درێژکراوەی ئەو هەوڵە تیرۆریستیانەیە بۆ تیرۆری کەسایەتییە سیاسیە نەیارەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە تورکیا، بێ پسانەوە هەوڵی بۆ دەدات و لەو رێگایەشدا بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات..
ئازادکردنی ساڵح موسلیم لەلایەن دەوڵەتی چیکەوە، لە ژێر گوشارو کاردانەوە خێراکان و نەفرەتی دنیای شارستانی لە دووروویی ئەمریکاو غەرب، شکستی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا بۆسەر عەفرین… دەبێ لێی بروانرێت. وە ئازادبوونی موسلیمیش، بەمانای شکستی پلانێکی ئینسان دزینی دەوڵەتی تورکیا دێت…
موسلیم ئازاد کرا، ئەمە سەرکەوتنی بزوتنەوەی دژی رفاندن و تیرۆریزمی دەوڵەتی تورکیایە، سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی دنیایە لەبەرامبەر بە دوو روویی و ریاکاری ئەمریکاو غەربدا، وە بەرهەمی راوەستاوی بەرگری قارەمانانەی عەفرینە…. بەڵام هێشتا ئەمە کۆتایی پلان و نەخشە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورکیا نییە، چ بۆ رفاندن و تیرۆری نەیارانی سیاسی و چ بۆ هێرش و پەلاماردانی کانتۆنەکان و دەستوەردان لە وڵاتانی ئەزمەگرتوو جەنگ زەدەی ناوچەکە.
ئەوەی دەتوانێت، دەوڵەتی تورکیا ناچار بە پاشەکشە لە رفاندن و تیرۆر، دەستێوەردان و لە وڵاتانی ناوچەکە، پشتیوانیکردنی لەداعش و گروپە تیرۆریستیەکان، لەسەرکوت و زیندانی کردنی نەیاری سیاسی و رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بگرێت… شکست دانی دەوڵەتی تورکیایە لە ناوخۆی تورکیادا… تورکیا بۆ پەردەدان بە ئەزمە هەمەلایەنەکانی لەناوخۆیی تورکیادا، سەرکوتی دەنگی نارەزایەتی لە ناوخۆدا، و گواستنەوەی ئەزمەکان لەناوخۆ بۆ دەرەوەی تورکیا، پێویستی بە کەیس سازی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی هەیە، پێویستی بە سنور بەزاندن و دەستوەردان لە کاروباری سیاسی وڵاتانی هاوسنوری هەیە، پێویستی بە جەنگ و ملهوری سەربازیی هەیە… هەموو ئەمانە بەرهەمی شکستن لە وەڵامدانەوە بە گرفتە ناوخۆیەکانی و ئەزمە حکومەتی و دەوڵەتیەکەی… گرتنی گەروی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا لەلایەن بزوتنەوە و جوڵانەوە سیاسی و کریکاریی و رادیکاڵ و پێشکەوتنخوازەکانی ناو تورکیا، دەتوانێ دەستی تورکیا لە ملهوری و تەماح و دەستوەردانەکانی لە دەرەوەی سنورەکانیش ببەستێت… ئەوەی کە تورکیا لە بەرامبەر بە قارەمانیەتی خەڵکی عەفرین و کۆبانیدا، توشی شۆک بووە ناتوانێ پێشرەوی بکات و ئامانجەکانی بپێکێ… بەجیا لە خۆراگری و ئیرادە نواندنی خەڵکی کانتۆنەکانی رۆژئاوا، هاوکات ئەزمە سەرپاگیرە ناوخۆیەکەیەتی، بێ لیاقەتیەتی لەوەڵامدانەوە بە ئەزمە سیاسی و ئابوری و ململانێی سیاسیە ناوخۆیەکانی دەسەڵات و ناکام مانەوەیەتی لە وەڵامدانەوە بە ویستەکانی جەماوەری نارازی تورکیا….
موسلیم ئازاد، بوو… پێویستە تورکیاش لەدەستی ئەم دەسەڵاتە، لەرێگای بزوتنەوەی جەماوەری و شۆرشگێرانەوە لەناوخۆیدا ئازاد بکرێت… ئەوکاتە تورکیا دەست لە ملهوری نواندن و دەستوەردان لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکە و تیرۆر و پیلانی رفاندن و کردنی تورکیا بەزیندانی ئازادی و ئازادیخوازی هەڵدەگرێت…
کۆتایی فێبریوەری ٢٠١٨
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٣ بەرواری ١/٣/٢٠١٨ دا، بڵاوبۆتەوە