پرۆ عەبادی
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
بە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و ئەندام پەرلەمان و هەڵسوراوی مەدەنی، بەتایبەتش لە ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، بە ئاشکراو بێ پێچ و پەنا بوونەتە قسەکەری عەبادی و پاساو هێنەر بۆی. بەرگری لە سیاسەت و رەفتارەکانی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، دەکەن. ئەو بەرێزانە هیچ رەخنەیەکی جدیان لە عەبادی نییە کە بەهیرشی سەربازی و لە رێگای پیلانی ژێربەژێردا، کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی داگیرکردەوە. وە هیچ نیگەرانی ئەوەنین چ سیاسەتێکی تەعریب و تەشیع بەرێوەدەچێت، نیگەرانی ئەوە نین، کە ئەم شوینانە داگیرکراونەتەوەو گرتن و راوەدونانی سیاسی هەیە، لە جێگای هەموو ئەمان پاساو بۆ کردارەکانی عەبادی دەهێننەوەو رەوایەتی بە پاساوەکانی عەبادی دەدەن.
ئەم دەروێش یان پرۆ عەبادیانە، وا نیشان دەدەن رەخنەو نارەزایەتیان لە دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی هەیە، دەیانەوێ هەر بەو پاساوەش لەبەرەی عەبادی وەکو خۆشخزمەت رۆڵی کرێگرتەیی لە پێناو موچە و پیگەی سیاسیاندا، بگێرن.
لەکاتێکدا هیچ کاتێک رەخنە و نارەزایەتی لەکاروکردەوەی پارتی و یەکێتی و دزی و گەندەڵی و پەیام و سیاسەتە چەوت و چەوێل و سازشکارەکانیان، رەوایەتی نادات بە عەبادی و دەسەڵاتە گەندەڵ و نۆکەرەکەی. ریسوایی و بن بەست و شکستی فەرمانرەوایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، پاساو خوڵقێن نییە، بۆ دەسەلاتی شکستخواردو و گەندەڵ و نۆکەری ئێران و هیرشی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان.
بەهانە داتاشین، بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان لەلایەن عەبادییەوە، بەو پێوانەیەی کە عەبادی کیشەی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا هەیە، هیندە بیانویەکی قێزەونە تەنها قوتابییە دەستەمۆکراو و ویژدان مەیوەکان دەتوانن بەدەستیەوە بگرن و بەرگری لێبکەن.
کێشەی نێوان ئیسلامی سیاسی شیعی عەبادی و لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی یەکێتی و پارتی و بزوتنەوەی کوردایەتی نە تازەیەو نە خەڵکی تورەو نارازی لە دەسەڵاتی کوردایەتی، دەبێ بکرێنە قوربانی ململانێی نیوان ئەو دوو بزوتنەوە کۆنەپەرست و دژی ئینسانیییە.
کێشەی عەبادی و دەسەڵاتەکەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و دەسەڵات لەکوردستان، لەسەر پشکی داهات و رادەی بەشداری سیاسی و هاوبەشی سیاسیە بەدوای داعشدا، لە کاتێکدا کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و پارتی ویەکێتی لەسەر گەندەڵی و تاڵانی دەسەڵاتی سەرکوتگەرو دژی ئازادیی و بیمافی و زەوتکردنی خزمەتگوزارییەکان و برسێتی و گرانی و بیکاریی و بێ موچەییە. هاوکات کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی عەبادی، هیرش و سەرکوتگەریی و چارەسەرنەکردنی کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستانە.
خەڵکی کوردستان لەسەر ئاستی خۆجێی لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵانچی و دژە ئازادی و کۆنەپەرستی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرەو رووەو لە ئاستی سەراسەری و عێراقیشدا لەگەڵ دەسەڵاتی عەبادی و بزوتنەوەی ناسیونال/ئیسلامی سونی و شیعی بەرەورووە لە پیناو ماف و ئازادیەکان و دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆی.
پرۆ عەبادییەکان، باش دەزانن عیراقی ئیستا، لەسەر بنەمای فیدراڵی پوچ و لەسەر ئەساسی قەومی و دینی تایفی، دارێژراوەو مافی هاوڵاتی بوون و دیموکراسی لە ئاستە هەر کلێشەیەکەشیدا، جیگایەکی لە ئیعرابی دەسەڵاتی ناوەندیدا نییە… وە باش دەزانن ئەو دەسەڵاتە دژی چارەسەری سیاسی کارسازی خەڵکی کوردستانە و لەسەر بێئرادەکردنی بریاری ئازادانەی خەڵکی کورستان کار دەکات، کەچی بێشەرمانە چاو لەو راستیانە دەپۆشن.
هیچ گومان لەوەدانییە، کەسانێک بەرگری لە دەسەلاتی عەبادی و سیاسەتەکانی بکەن، باشترین خزمەتکاری پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی دۆڕاوی کوردایەتین… درۆی دژایەتی و رەخنە گرتن لە دەسەڵاتی شکستخواردوی پارتی و یەکێتی، ئەو کاتە دەتوانێت مانا پەیا بکات، کە ئەم خێڵە واز لە خۆشخزمەتی و پاساو هێنانەوە بۆ عەبادی بهێن و لەدیدی خەڵکی کوردستان و مافەکانیانەوە، هەم تەماشای پێگەو ریگەی دژی ئینسانی عەبادی و بزوتنەوەی کوردایەتی بکەن… چوونە پاڵ عەبادی لەژێر ناوی دژایەتی پارتی و یەکێتی، و وەستانەوە بەرامبەر بە مافەکان و ویستەکانی خەڵکی کوردستانەوە قومارێکی دۆراوە، قوربانیەکانی پرۆ عەبادییەکانن…
خەڵکی کوردستان… هێندەی گەواهی دەری دەسەڵاتی زاڵمانەو دژی ئازادی وتاڵانچی یەکیتی و پارتین، هێندەش گەواهی دەری کارنامەی دەسەڵاتی دژی ئازادی و گەندەڵی و بریاری وەستانەوەی عەبادی بزوتنەوەی ناسونالیستی و ئیسلامی شیعی و سونی عێراقن.. لەدژی خەڵکی کوردستان.
چۆن پاساو هێنانەوە بۆ دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و کارێکی قیزەون و بێ کریارە، ئاواش پاساو هێنانەوە بۆ دەسەڵاتی عەبادی و بزوتنەوەکەی و رەوتەکانی هاوشیوەی خۆی، کارێکی قێزەون و بێ کریاری راستگۆیە… خەڵکی عێراق و کوردستان، گیرۆدەی دوودەسەڵاتی کرێگرتە و کۆنەپەرست و دژی ئینسانی، بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی شیعی و بزوتنەوەی کوردایەتییە… کە پێویستە بە خەبات و تیکۆشانی لێبراوانە، ئەو جۆرە لەدەسەڵات رادەستی میژووی تاوانبارەکان بکرێن و کارنامەیان لە ئەرشیفدا، تۆمار بکرێت، تا نەوەکانی داهاتوو و وە ئینسانی چاو کراوە، بە مێژووی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەو دژی ئازادییان ئاشنا بێت… دیارە لەو چواچێوەیەشدا، دەبێ خێڵی خۆشخزمەت و پاریزەری ئەم دەسەڵاتانە لە پۆلیسی سەرکوتکەرەو بۆ میدیاکاری بەنرخی رۆژ نان خۆرو نوسەرو ئەو پرۆ عەبادی و پرو دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتییەش بناسرێن و بەپێی تاوانەکانیان و لەکاتی خۆیدا لەلایەن بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینساندۆستیەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٢ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…