Home ئەرشیف2017پێویستە ئامادەکاری بکریت بۆ گێرانەوەی داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان…

پێویستە ئامادەکاری بکریت بۆ گێرانەوەی داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان…

by Abdulla Mahmud

پێویستە ئامادەکاری بکریت بۆ گێرانەوەی داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان…

دزی و تاڵانی ئاشکرای داهاتی خەڵکی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو بەرپرسە حزبی و حکومیەکان و بنەماڵە سیاسیە دەسترۆشتووەکان، ئاشکرایە. دزی بە شێوەی یاسایی!! و نایاسایی، بە ئاشکراو بەنهێنی، بەشوێنێک گەیشتووە کە تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی حزبەکان لەململانێیاندا لەگەڵ یەکتری رایدەگەیەنن. یان ناچارن دانی پیابنێن و ناتوانن ئەو دزییە بەربڵاو و سیستماتیکە پەردەپۆش بکەن. فرۆشتنی نەوت بە دزی و بەئاشکرا، بە بۆری و بە تانکەر، بە فەرمی و بە شێوەی نافەرمی، تا دەگاتە تەخشان و پەخشانکردنی زەوی و تاپۆکردنیان، دەستبەسەرداگرتنی هەموو جۆرەکانی بازرگانی و هات و چۆ و پەیوەندیەکان و بەڵیندەرایەتیەکان و کۆمپانیاو کارگەکان…تاد، بەشوینێک گەیشتووە کە ژیانی شاهانە و فیرعەونی بۆ ژمارەیەکی کەم و نەداری و برسێتی و هەژاری ملیۆنی کردۆتە نسیبی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. بە ئاشکرا دوو دنیای جیاواز و دوو شێوە ژیانی جیاواز لە کۆمەڵگەدا دەبینرێت. دنیایەکی بەهەشت ئاسا لە دنیای واقعی ئێستاو دۆزەخێکی واقعی بۆ زوربەی زۆری خەڵکی کوردستان.

راپۆرت و بەڵگەنامەو دیکیۆمیێنتەکان، ژمارەو داتا راگەیەنراوەکانی سەروەتی بەرپرسانی حزبی و حکومی و بنەماڵە دەسترۆشتوە حزبیەکان، ڕۆژانە بڵاودەکرێنەوە یان دزییەکەیان دزە دەکاتە دەرەوەو میدیاکان چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دنیا ناچارن کە رایبگەیەنن و بڵاوی بکەنەوە. بێگومان بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەو داتاو ئامارانە گرنگن و پێویستە هەموویان بە دیکۆمێنت بکرێن و بەردەوامیش بەدواداچوون بکرێت بۆ ئاشکراکردنی سەروەت و سامان و پارەی کەڵەکراو نێو بانقەکانی بەرپرسان چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوێکە. هەنگاوی لەوە گرنگتر ئەوەیە کە پێویستە کاری چر وپر و لێبراونە بکرێت لەسەر ئاستی جەماوەری و فەرمی و یاسایی، بۆ بەدادگا کێشانی ئەو بەرپرسە دزو تاڵانچیانە و گێرانەوەی ئەو کێوە لە داهات و سامان بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتیکێش و هەژارکراو برسیکراوی خەڵکی کوردستان. هیچ جۆرە خۆشباوەریەک نابێت هەبێت سەبارەت بەدەستەی نەزاهە یان هەوڵی فریوکارانەی دەسەڵات لە ژیر نایێ چاکسازی و دادگاییکردنی دزان و گەندەڵکاران. دز و تاڵانچیان کەخۆیان بەخۆشی خۆیان مل بەگێرانەوەی داهات و سامان و سەروەتی نەقدی و غەیرە نەقدی خۆیان نادەن و ئامادەنین ئاشکراشی بکەن، تەنانەت بەرووی  هەر هەوڵ و تەقەلایەکیشدا دەوەستنەوە بۆ پاریزگاریکردن لەو دزی و تاڵانییە یاسایی و نایاسایەکانیان. بۆیە ئەوە ئەرکی رابەران و هەڵسوراوانی جەماوەری و ئازادیخوازو تۆرێکی بەرین لە یاساناسان و دادوەرو لێکۆڵەرەوە ویژدان زیندوەکان و رۆژنامەنووسانی ئازادو نەترس و جڵەونەکراوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیادا، بەنەخشەوە دەست بۆ هەڵدانەوەی فایلی دزان و ئاشکراکردن و بە دادگاکێشانیان ببرێت و پارەکانیان بلۆک بکرێت و پاشان بەشێوەیەکی ئاشکراو دادوەرانە بۆ خەزێنە هاوڵاتیان و سەرچاوەکانی داهات بگێردرێتەوە. وە زەوی و  کۆمپانیا و باخچەو کیڵگە نەوتیییە دەستبەسەرداگیراوەکان و ریزە دوکان و خانوو شوقە و مۆڵ و عەمبارەکان و ریزی کەژاوەی ئۆتۆمبیل و …تاد، پێویستە دەستی بەسەردا بگیرێت و لەژێر چاودێری لیژنەی هەڵبژێردراو نوێنەرانی جێمتمانەی جەماوەریدا بۆ هاوڵاتیان بگێردرێتەوە و خاوەنانی ئەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەش رادەستی یاسای عادلانەو سزای یاسایی بکرێن.

داهاتی کۆمەڵگەی کوردستان، داهاتێکی ئیکجار زۆرو زەوەندە، سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کۆمەڵگە بە زیادەوە بەشی چەند قاتی ئیستای دانیشتوانی کوردستان دەکات، کە ژیانی تەسەل و خۆشگوزەرانیان هەبێت و خەڵکی موحتاجی هیچ پیداویستیەکی ژیان و گوزەرانی شایستە نەبێت. ئەوەی کەوای کردوە ئۆردوی هەژاران و برسی و بێکارەکانی کوردستان رۆژ بەرۆژ زیاد بکات و ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسانی حزبی و حکومی سەرمایەدارەکان سامانەکانیان هەڵبکشێت و ببنە خاوەنی ملیاردها و ملیۆنان دۆلارو کیوێێک لەسامان و سەروەت، ئەو دزی و تاڵانیییە کە لەرێگای دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتەوە، لەدەستی خۆیاندا مۆڵیان کردوە. هەنگاوی یەکەم بۆ لەدەسەڵات خستنی ئەم دەسەڵاتە دەست بەسەرداگرتنی سامان و سەروەتەکانیان و گێرانەوەیەتی بۆ جەماوەری ملیۆنی کریکار و بەرهەم هێنی خودی خەڵکی کوردستان. بۆ ئەم نەبەردە دەبێ ئامادەبین و دەست پێبکەین.

لەوانەیە تۆ ئەمانەشت بە دڵ بێت

لێدوانێک بەجێ بهێلە