عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
ئێرە، سوریاو عێراق و… ئەو وڵاتانە نییە، کە ئێستا داعش تیادا لایەنێکی جەنگییە. ئێرە تەنها وڵاتانی شەرق زەدەی ئیسلام زەدە نییە کە کەلتوری ئیسلامی تیایاندا داسەپێنراوە… نا ئێرە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیایە، کە بەخەباتی لێبراوانەی سۆسیالیستی و ئازادیخوازی، دین لە دەوڵەت جیاکراوەتەوە. ئەگەر لەوڵاتانی شەرقزەدەی ئیسلام زەدەدا، لەرێگای زۆرو لەرێگای یاساوە، دین بەشێکی جیانەکراوە لە دەوڵەت و سەرچاوەی یاسا و ریساکانی ئەم کۆمەڵگایانەیە… وە دەوڵەت بە پێی یاسا و بەنەخشەوە، لە رێگای وەزارەتی ئەوقاف و سەدان رێگای ترەوە، ملیۆنەها دۆلار خەرجی کردنەوەی مزگەوت و قوتابخانەی و پەیمانگا و زانکۆی دینی دەکات. بۆنە و رەمزو رێسا دینیەکان، وانەیەکی سەرەکی لە بواری خوێندن و پەرەوەردەن. ئەوا لەو وڵات و دەوڵەتانەی دین دەمێکە کراوەتە کارێکی تایبەتی ئینسانەکان. دین لە دەوڵەت و یاساکان و پەروەدە، دورخراوەتەوە، بەڵام لە ژێر ناوی فرە کەلتوری” ماڵتی کەلچەریزم” دا، دەرگایان خستۆتە سەرپشت تا گروپە ئیسلامیەکان، پشت بکەنە یاساو رێسا مۆدێرنەکان و لە جێگایدا، بەئاشکراو لەئاستی کۆمەڵگادا پیادەی نەریت و یاسا ئیسلامیەکانی خۆیان بکەن. هەرەشە لە مافەکانی سەرەتاییەکانی ئینسان و مافە فەردیەکان و دەستکەوتەکانی بکەن و هاوکات هەوڵی داسەپاندنی بەسەر کۆمەڵگادا بدەن و دانیشتوانی چاوترسێن بکەن. رێگاکردنەوە بۆ کردنەوەی مزگەوت و قوتابخانەی دینی. رێگادان بۆنواندنی چالاکیە دینیەکان. رێگەدان بەبانگدان و جەماعەت دابەستن و هەڵرشتنی پوڵ بۆیان. هەموو ئەمانە نەک هەر زەمینەی سازکردووە، بۆ لێدان و سوکایەتی بە مناڵان، یان رێگەی کردۆتەوە بۆ نواندنی توندوتیژی جەسەدی و دەرونی و تا رادەی کوشتنی ژنان، بەڵکە بۆتە هۆی دیارکردنی هەموو نەریتیک بە پێوەری حەرام و حەڵاڵ. ئەمەش ژینگەیەکی دروستکردوە کە بتوانن کادرو سوپای، خوداو قورعان ئافرەندە بکەن. مەکۆکانی دروستکردنی ئینسانی تیرۆریست بەرهەم بهێنن. دیارە ئەم ئیسلامیانەی کە وڵاتانی ئەوروپی لەژێر ناوی فرە کەلتوری و فرەرەنگی و جیاوازیدا، ریگای پێداون پیادەی یاساو نەریتە ئیسلامیەکان بکەن، هاوکات لە پشتیوانیەکی زۆری مادی و لۆجیستکیان وڵاتە ئیسلامیەکان و گروپە ئیسلامیەکانی وەکو قاعیدو تالیبان و…تاد، بەهرەمەندن.
دیارە مافی دینداری و بێدینی، کە مافێکی تایبەتی و سەرەتایی ئینسانە، تا ئەو جێگایە رێگا پێدراوە، کە نەبێتە هۆی هەرەشەو ترساندن و سوکایەتی بە ئینسان و رێگەگرتن لە یاسا گشتیەکان و دەستکەوتە ئینسانیەکان و مافە فەردی ومەدەنیەکان. بەهرەمەند بوونی هەمووان لە یەکسانی حقوقی و بەهرەمەند بوونی هەموو دانیشتوان لە یاسادا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دین و نەژاد و رەگەزو میللەت و بیروباوەردا…تاد، پرانسیبێکی ئینسانی و پێشکەوتنخوازانەیە. هەر رێگاکردنەوەیەک و لەژێر هەرناوێکدا بۆ دابەشکردنی یاساکان لە ژێر ناوی ریزگرتن لە دین مەزهەب و قەوم و نەژاد و بیروباوەرە جیاوازەکان، بەمانای توڕدانی پرانسیبی یەکسانییە. دەرگا کردنەوەیە بۆ خۆنواندنی دینی و مەزهەبی و قەومی و…تاد. ئەمە ئەو دەردەیە کە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ” مۆدێرن” دنیا، گیرۆدەی بوون وپشتیوانی دارایی و مەعنەوی و تەنانەت یاسایی لە گروپە قەومی و دینیەکان مەزهەبیەکانی، هاتوو بۆ ئەو وڵاتانە، دەکەن. بەم کارەشیان نەک هەر جوداسازی، نەک زەمینە بۆ نواندنی توندوتیژی و بێمافی مناڵان و ژنان و پیشێلکردنی مافەفەردی و مەدەنیەکان، نەک هەر دەستبرن بۆ شێواندنی ئاسودەیی و ئاسایشی خەڵک، بەڵکو بۆتە هۆی ژینگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئینسانی هەرەشە ئامێزو توندتیژ و دەمارگیری دینی و مەزهەبی و تیرۆیست. ئەو هەزاران هەزار تیرۆریستەی هەر ئێستا لە ریزەکانی رێکخراو و گروپە چنگ بەخوێنەکانی قاعیدو تالێبان و داعش و بەرەی نوسرەو….تاد، دان. لە ئەوروپاو ئەمریکاو ئوسترالیادا، لەناو ئەو فەزایەدا کە رژێمەکانی ئەو وڵاتانە سازیانکردوە، دەرسی کوشتن و خۆتەقاندنەوە و سەربرینیان. خوێندووە.
دووڕویی هەر ئەم رژێم و وڵاتانە، هێندە رۆشنە چاوپۆشی هەڵناگرێت. ئەو وڵاتانە ئامادەن کۆمەکی دارایی و لۆجیستیکی و جبەخانەی سەربازی و پسپۆری جەنگی و پۆل پۆل فرۆکە و تەنانەت سوپاش بنێرن بۆ دەستکورتکردنەوە و وەکو دەڵێن بۆ لەناوبردنی تیرۆر و داعش و قاعیدە!!… کەچی لەناو جەرگەی زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپاو ئەمریکا و ئوسترالیادا، بە ئاڵای داعشەوە ئەندامان و هەڵسوڕاوانیان، کۆبونەوەو خۆپیشاندان دەکەن. پرسیار ئەوەیە بۆچی لەلایەکەوە هێرش دەکەنە سەریان و لەلایەکی تریشەوە، ئەندامان و هەڵسوراوانیان، کۆبونەوەو خۆپیشاندان دەکەن و دەستگیریان ناکەن؟ لە مزگەوتەکاندا و لەناو دەزگا جۆراوجۆرە دینی و چالاکیەکانیاندا، دەست بەسەریان ناکەن؟ بۆچی تەنها رێگاچارەی سەربازی دەگرنە بەرو لەدەستبردن بۆ رێگاکانی تر، خۆپارێزی دەکەن؟ بۆ سەرچاوە و هۆکارەکان و زمینەو ژینگەی پێگرتنیان، لەبەین نابەن؟ بۆچی پشتیوانییە دارایی و مەعنەویەکانیان نابڕن؟ بۆچی چالاکی و مەراسیم و نمایشە دینیەکانیان، کەلەگەڵ ماف و ئازادی و مافە فەردیەکان و لەگەڵ پرانسیبی باڵکیشانی یەکسانی بەسەرهەموواندا، ناکۆکە، قەدەغە ناکەن؟ وە بۆ بەیاسا هەڵسورانیان یاساغ ناکەن؟
لەلایەکەوە هات هاواری جەنگ لەدژی داعش و هاوشێوەکانی و لە لایەکیش دەرگا خستنە سەرپشت بۆ هەڵسورانیان و پشتوانی کردن لەو رژێمانەی بە ئاشکرا، کۆمەک بە تیرۆر و تیرۆریزم و داعش، دەکەن… ئەمە ئەو دوو روویەیە کە درەنگ یان زوو باجەکەی لەسەردەستی ئینسان کوژانی داعش، دەدرێت…
بانگەشەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆسەر هێزە چەکدارەکانی داعش و مۆڵگەکانیان، بەتەنها ناتوانێ وەڵامێکی کارساز بێت. دنیای دوای ١١ سێبتەمبەر نیشانیدا ئەم رێگایە پوچە. بەکاربردنی هێزی سەربازی بە دوای روداوی ١١ سێبتەمبەرەوە، نەک قاعیدەو تاڵیبانی لەناونەبرد، داعشی لە منداڵدانی قاعیدەدا، هێنایە دەرەوە. نەک تیرۆرو کردەی تیرۆریستی کەم نەکردەوە، پانتایی تیرۆری و نائەمنی، فراوانتر کردەوە. نەک گروپە تیرۆریستەکانیان لەبەین نەبرد، بەڵکو ژمارەیان زۆرتر و جغرافیای هەڵسورانیان بەرینترو بەرینتر بۆوە. دیارە بانگەشەی ئەم جارەی ئۆباماش بۆ رووبەروبوونەوەی داعش، لەوەی جۆرج بۆش زیاتر شانسی، سەرکەوتنی نابێت. هەرەشەکانی ئەمریکا هاوپەیمانەکانی و دەستبردنیان بۆ جەنگ هێندەی نمایشی هێزنیشاندان و هێز نواندنە لەئاستی جهیانیدا، هێندە پەیوەندی بە لەبەین بردنی داعش و کۆتاییهێنان بە تیرۆریزمەوە نییە. ریگاچارەی سەربازیش بەتەنها نەک ناتوانێت بە شوێنێک بگات، بەڵکە ئەمە دەتوانێ دوبارە دنیا لە ئاستێکی فراوانتردا، بخاتە بەردەم هەرەشەو جەنگی تیرۆریستی زیاتر و درێژ مەوداتر. کۆتایهێنان و کورتکردنەوەی دەستی تیرۆر و تیرۆریزم بەدەوڵەتی و نادەوڵەتیەوە، دەبێ بە لەبەینبردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدان و ژینگەی گەرادانیان، بە نەخشەیەکی هەمەلایەنەی سیاسی و یاسایی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەست پێبکات. وەستانەوە بەروی تیرۆریزم و گروپی تیرۆریستی داعش و هاوشێوەکانی، وە رووبەروبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی، کە بواری بە سەرهەڵدانیان داوە، ئەرکی بزوتنەوە ئازادیخوازو یەکسانیخواز و پێشکەوتنخوازەکانە. ئەرکی ئەو ئینسانانەیە کە تێکۆشەری یەکسانی و ماف و شکۆی ئینسانین. پەردەهەڵماڵین و نیشاندانی ناوەرۆکی دژی ئینسانی رەوتە دینی و نەتەوەپەرست و نەژادپەرستەکان، بە وێنەی بزوتنەوەو حزب و رێکخراو گروپی نامۆ بە مافە جیهانداگرەکانی ئینسان، بەشێکی دانەبراو لەو خەباتەیە بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆرو تیرۆریزم.
سێبتەمبەری ٢٠١٤