لەپێشوازی ٨ مارسدا
عەبدوڵا مەحمود
ئەمساڵ لەکاتێکدا پێشوازی لە هەشتی مارس ڕۆژی نەفرەت لە هەڵاواردنی رەگەزی دەکەین، کە هەر چەند رۆژ پێش ئێستا هەواڵی دەستدریژی سیکسی چەند کەسێک بۆسەر کچێکی ٨ ساڵان، ویژدانی هەموو ئینسانێکی خاوەن ویژدانی هەژاند. وە هەر مانگێک لەوەپیش مەلا مەزهەر لەسەر سوکایەتی بەژنان راپێچی بەردەم دادگا کرا… مەلا هەڵۆ سوکایەتی بەزوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە کرد و سفور بوونی ژنانی دایە بەر رمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و لە لێدوانێکی تازەشیدا دەڵێت” پەیمانگای هونەرە جوانەکان شوێنی لەشفرۆشی و سۆزانیەکانە”. چەند مانگ لەوە بەر فتوای ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامی هاتووچۆی ژنانی بە بەتەکسی و بەتەنها یاساغ کرد.. بەر لەوەش لیژنەی فتوا فتوایدا کە مناڵی بلورین کارێکی نەشیاو ناحەڵاڵە… یەکگرتووی ئیسلامیش هەر چەند رۆژ بەر لەئیستا دەیان ژنی حجاب پۆش کرد و بەرگی باڵاپۆشی و تاجی زێر!! لەسەرنانی ژنانی، بەشێوەی ئیخوانی و فۆرمی ئەردۆغانی نمایش کرد. کارێکی شانۆی لەکەلار مەلاکان و ئەوقافی شیتگیر دەکەن و سکاڵایی یاسایی تۆمار دەکەن و سوکایەتی و تۆمەت بەخشینەوەشیان بەردەوامە. رۆژانەش لە میدیاو ماس میدیاکان و سۆشیال میدیا و لەمینبەری مزگەوتەکانەوە گوێ بیستی غەزەبی مەلاکان بۆسەر مافەکانی ژنان و بەتایبەتیش مافە فەردی و مەدەنیەکانیان دەبین… ئەمانە تائێرە تەنها گۆشەیەکە لە هێرشی بەردەوامی کۆنەپەرستی ئیسلامی و مەلاکان و رەوتە ئیسلامیەکان بۆسەر ژنان بەتایبەتی و هەموو سیماو دیاردەیەکی مەدەنی کۆمەڵگە بەگشتی.
لایەنێکی تر ئەوەیە کە رۆژ نییە هەواڵی توندوتیژی بەژنان، لەسوکایەتی و لێدانەوە تا ناچارکردنی ژنان بۆدەستبردن بۆخۆکوژی و خۆسوتاندن، یان هەواڵی تیرۆرکردنیان نەبیسترێت. بەهۆی خراپی باری ئابوری و گوشارەکانی، تادێت پشێوی نێوان خێزانەکان پەرە دەسەنێت و رادەی جیابوونەوە بەرەو هەڵکشان دەچێت. بەهەمان هۆکاری نەبوونی و گرانی، باندەکانی لەشفرۆشی زیاد دەکەن.
دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت و پەرلەمانەکەی کە پشتبەستوون بەسەرچاوەکانی شەرع و قورعان، ریگەیان داوە دەیان یاسای زاخاوکراو بە ئیسلام بسەپینن و لەناو پەرلەمانەوە مۆر بدەن لە فرەژنی و بەیاسایی بکەن.
بەڵێ لە کاتێکدا بەرەو هەشتی مارس هەنگاو دەنێین…. کە مەلاکان و رەوتە ئیسلامیەکان، بە پالپشتی حزبەکانی دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە دەستگرتوەکان بە کۆنەپەرستی ئیسلامیەوە، لەهێرش بۆسەر ژنان و ئازادیخوازی بەردەوامن و رۆژانەش شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان و بەرنامەو تەوەرەکانیان مەلایەک و کۆنەپەرستێکی ئیسلامی بانگهێشت دەکەن و مینبەریان دەخەنە بەردەست… بەکورتییەکەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، لەهێرش بۆسەر ژنان و مافەکانیان و هەر سیمایەکی ئازادیخوازانە بەردەوامن، بەڵام ئەمانە هەموو واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان بەیان ناکەن، بەڵکو تەنها لایەنێکی پێش چاو دەخەن… لایەنێکی قێزەون و ناشیرین. لایەنێکی تر لە واقعیەتی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردستاندا، وەستانەوەی ئۆردوی ئازادیخوازی و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە، بەرووی هیرشی دەسەڵات و ئیسلامیەکان و مەلاکان و میدیای تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و یاساو فتوا ئیسلامیەکان و وەستانەوەیە بەرووی بۆگەناوی ئەو مەلایانەی عادەتیان بە سوکایەتی و جنیوفرۆشیەوە گرتووە. چەندە دزێوی دەسەڵات و ئیسلامیەکان ومەلاکان و دیوی و قێزەونی و فەرهەنگێکی کۆنەپەرستانەی لەکۆمەڵگەدا دەخاتە روو، ئاواش وەستانەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئۆردوی ئازادیخوازی بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنان و سیماو روخسارێکی هەرە جوانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانە… وە لەبنەرەتیشدا ململانیی نیوان دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جیاوازو دژ بەیەکە. بزوتنەوەی چەپ و سکۆلاریزم و ئازادیخوازی لەلایەک و بزوتنەوەی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەپشتیوانی دەسەڵات لەلایەکی ترەوە.
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و هەموو ئەو رێکخراو و کۆرو کۆمەڵە ئازادیخوازانەی کە خوازیاری یەکسانی نیوان ژن و پیاو مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و کۆمەڵگەن، ئەرکیانە هەشتی مارس بەشایستەیەکی گەورەوە بەرز رابگرن و شەپۆلی وەستانەوە بەرووی کۆنەپەرستیدا بەرینتر و فراوانتر بکەنەوە. گوشارەکانیان لە رێگای کاری رێکخراو و جەماوەری و مەیدانی و بەکردەوەوە، بۆسەر دەسەڵات زیاد بکەن و ناچار بە پاشەکشە و مل دان بە مافەکانی ژنانیان بکەن و هاوکاتیش دەستی ئیسلامیەکان و کۆنەپەرستی لەسەر کۆمەڵگە کورت بکەنەوە. کاتی ئەوە هاتووە ژنان و پیاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز هەر کەسێکی پیشکەوتنخواز کە باوەری بە یەکسانی بێ ئەم لاوی ژنان و پیاوانە، ریکخراوەیەکی جەماوەری سەربەخۆ بۆبەرگری لە ژنان و مافەکانیان، دەست بۆببەن و هاوکات میدیایەکی کارای تیژ و بەرگریکار لە مافەکانی ژنان بەدەستەوە بگرن و کە هەمیشە ئامادەی وەڵامدانەوەی سوکایەتی و بێرێزی مەلاو بانگخوازان، وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی فتوا و یاساو ریسا دژە ژنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە پوچە دژە ژنەکان و میدیا سەراپا کۆنەپەرستەکانیان بداتەوەو کۆمەڵگە لە مەترسی کۆرۆنای ئیسلامی و داعشی بپارێزن.
خواستی دادگاییکردنی ئاشکراو عادلانەی دەستدرێژی سیکسی بۆسەر کچە ٨ ساڵانەکە، جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵات، ئازادی دینداری و بی دینی، یەکسانی یاسایی ژنان و پیاوان، لیپرسینەوە لەوانەی سوکایەتی بە ژنان ومافەکانیان دەکەن… سەرەکیترین ئەو خواستانەن کەپێویستە بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنرێن.
یەکێتی نیشتیمانی دوای کۆنگرە!
پرۆژەی یاسای چاکسازی حکومەتی!! هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی پەرلەمانی!! کرد و لە پەرلەمان پەسەند کرا، لە بنەرەتدا پرۆژە یاسایەکی تاڵانگەرانەیە لەلایەن نوخبەیەکی سیاسی بەسودی سەرمایەو کۆمپانیاکان و حزبەکانی بەشدار لەحکومەتدا. ئەم پرۆژە یاسایە کە لەلایەکەوە دوورو نزیک بەلای داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان، گومرگ و بازرگانی و فڕکان فڕکانی تانکەرە نەوتەکان و … نەچووە، و لەلایەکی ترەوە نەچووتە سەر باسی موچەی بنەڕەتی شارستانی و ئاوڕدانەوە لە خزمەتگوزارییەکان… ئاماژەیەکی ئاشکرایە کە ئەم پرۆژە یاسایە نەک پرۆژەی چاکسازی نییە، بەڵکو پرۆژەی رێکخستنەوە و سازانی فراکسیۆنەکانی بەشدار لە حکومەت دایە لەسەر موچەو ئیمتیازاتەکانی دوای تەمەنی خانەنشینیان. ئەویش بەجۆرێک کە ڕووی دزیەکی ئاشکراو تاڵانییەکی بەیاسایی کراو دەخاتە روو. موچەی خانەنشینی ملیۆنان دیناری بۆ پلە باڵاکان، دوای چوار ساڵ و چەند سەد هەزاری بۆ خانەنشینانی شارستانی دوای چەند دەهە کارکردن، بە جیا لە جیاوازی موچەی خەیاڵی نیوانیان لە ئێستادا کە لەهەندیکیاندا دەگاتە ٤٠ جار و ٣٠ جار. ئەوە بەجیا لە دەرماڵەو ئیمتیازاتی خەیاڵی بۆ ئەم نوخبەیەو نەبوونی کەمترین خزمەتگوزارییەکان بۆ جەماوەری فراوانی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگەی کوردستان، نیشانەو سەرەتای هێرشێکی فراوانترە بۆ خاڵیکردنەوەی هەرچی زۆرتری سفرەی کریكاران و کارمەندان و توێژە بێبەشەکانی تر.